کۆمپانیای نەوتی باکوور: رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایدەگەیەنێت، "نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ بازاڕی تورکیا و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەوروپایە، ئاماژە بەوەشدەکات، رۆژانە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژانە تێکڕا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن".

عامر خەلیل گوتی، "نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ بازاڕی تورکیا و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەوروپایە".

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، مانگی رابردوو نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل و لەم مانگەشدا زیاتر لە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە.

لەبارەی نەوتی کەرکوک عامر خەلیل وتی، "بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوک رۆژانە نزیکەی 340 هەزار بەرمیلە، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆری نەوتی تورکیاوە".

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا، دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی 27ی ئەیلولی 2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.

بە گوێرەی بڕیارێک کە 21ی تەمووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە 27ی تەمووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.

رۆژی دووشەممە، لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەڕێوەچوو.


AM:09:55:19/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت