بەهۆی کەمکردنی دەنگەکانی لە هەڵبژاردن حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە گۆڕانکاریی بکات
وێستگەنیوز-
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بکرێت لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها بڕیاردراوە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب بکرێت.
دوێنێ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و (راوێژکاری و چاودێری) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوندی گوڵەخانە بە سەرپەرشتی حەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بووە، محەمەد حاجی مەحمود، باسی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و لێکەوتەکانی کرد، بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت و ئەنجامەکانی بە شکست بۆ حزب و گشت هەڤاڵان ئەژمارکرد.
ئاماژە بەوەکراوە، محەمەد حاجی مەحمود ئەندامانی راسپارد لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزب و لێپرسینەوە لەو هەڤاڵانە بکرێت کە کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست ئەرکەکانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێک بوون لە هۆکارەکان.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب و داڕشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ کە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکەدا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لە سیاسەتی نەگۆڕی حزب پەیوەست بە بنەما دیموکراسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کرایەوە و ڕاگەیەندرا، کە پێویستە بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانی کورد، بۆلەمەودوا کۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەکبازنەیی لە هەڵبژاردنەکان پیادەبکرێت ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا.
PM:12:10:17/11/2025
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت