"هەڵمەتی پێنج ساڵەی رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ پێویستیەکی هەنووکەییە"


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025، لە رۆژی رووداوەکانی هاتووچۆ رێکخراوی ترافیک بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.


لە بەیاننامەکەی رێکخراوی ترافیک بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ هاتووە، "ئەمڕۆ "ڕۆژی رووداوەکانی هاتووچۆ"یە لەسەر ئاستی جیهان و ئاماژەیە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ و ساڵانە لە سێیەمین یەکشەممەی مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، بۆ بیرهێنانەوەی ئەو کەسانەی بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی خێزانی قوربانیانی ئەو رووداوانە و راگەیاندنی چەندین هەنگاو و پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ".

ئاماژە بەوەکراوە، "رووداوەکانی هاتووچۆ یەکێکە لە پەتا مەترسیدارەکانی هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی هەیە، ئامارەکان دەریانخستووە، کە ساڵانە لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لەسەر ئاستی جیهان ١،٣ ملیۆن کەس دەمرێت، لەگەڵ ٢-٥ ملیۆن برینداری قورس و سووک. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٣٠دا بە ڕێژەی ٦٠% زیاددەکات. تێچووی ئابووریی ئەو ڕووداوانە ٥١٨ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، ٦٥ ملیاری لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودایە".

رێکخراوەکە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان ناوچەکانی ئاوەدانی هەڕەمەکیانە فراوانبوون، شارەکان ئەنجامی کۆچکردنی زۆری دانیشتوان قەرەباڵغ بوون، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەڕادەیەک هەڵکشاوە کە هەرێم وەک پارکێکی گەورەی ئۆتۆمبێلی جۆربەجۆری لێهاتووە، ئەوانەش بوونەتە مایەی جەنجاڵیی هاتوچۆ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکان و قوربانیانی هاتووچۆ".

ئاماژە بەوەدراوە، وڵاتە پێشکەوتووەکان توانیویانە سەرکەوتووبن بەسەر رووداوەکانی هاتوچۆدا، لەڕێگەی بایەخدان بە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو رووداوانەوە: مرۆڤ و رێگەوبان و ئۆتۆمبێل. سەبارەت بە مرۆڤ بایەخیان داوە بە بەرزکردنەوەی کواڵیتی شۆفێری و توندوتۆڵکردنی مەرجەکانی هاتوچۆی سەرنشینان و هوشیارکردنەوەی هەمەلایەنی پیادەڕەوەکان. لە ڕووی ڕێگەوبانەوە بایەخیان بە ئەندازەی هاتوچۆ و زامنکردنی سەلامەتی داوە و کەرەستە پێویستەکانیان بۆ دەستەبەرکردووە. لە ڕووی ئۆتۆمبیلیشەوە بایەخیان بە چاککردنی کواڵیتی و پتەویی داوە و سوودیان لە تەکنۆلۆژیا وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی سوارڕەوی زیرەک، کە ئەگەری ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.

دەشڵێت، "لایەنە پەیوەندیدارەکان ساڵانە ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ و ژمارەی قوربانییەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە بیریان لەوە نەکردووەتەوە، پلانێکی پێنج ساڵە بخەنەگەڕ، بە مەبەستی سنووردانان بۆ رووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییە بێشومارەکانیان".

دەقی بەیاننامەکەی رێکخراوی ترافیک بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ:

هەڵمەتی پێنج ساڵەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ
پێویستیەکی هەنووکەییە

ئەمڕۆ "ڕۆژی ڕووداوەکانی هاتوچۆ"یە لەسەر ئاستی جیهان و ئاماژەیە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ و ساڵانە لە سێیەمین یەکشەممەی مانگی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، بۆ بیرهێنانەوەی ئەو کەسانەی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی خێزانی قوربانیانی ئەو ڕووداوانە و ڕاگەیاندنی چەندین هەنگاو و پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
ڕووداوەکانی هاتوچۆ یەکێکە لە پەتا مەترسیدارەکانی هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی هەیە. ئامارەکان دەریانخستووە، کە ساڵانە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لەسەر ئاستی جیهان ١،٣ ملیۆن کەس دەمرێت، لەگەڵ ٢-٥ ملیۆن برینداری قورس و سووک. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٣٠دا بە ڕێژەی ٦٠% زیاددەکات. تێچووی ئابووریی ئەو ڕووداوانە ٥١٨ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، ٦٥ ملیاری لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودایە.

لە هەرێمی کوردستان ناوچەکانی ئاوەدانی هەڕەمەکیانە فراوانبوون، شارەکان ئەنجامی کۆچکردنی زۆری دانیشتوان قەرەباڵغ بوون، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بە ڕادەیەک هەڵکشاوە کە هەرێم وەک پارکێکی گەورەی ئۆتۆمبێلی جۆربەجۆری لێهاتووە، ئەوانەش بوونەتە مایەی جەنجاڵیی هاتوچۆ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکان و قوربانیانی هاتوچۆ.

وڵاتە پێشکەوتووەکان توانیویانە سەرکەوتووبن بەسەر ڕووداوەکانی هاتوچۆدا، لە ڕێگەی بایەخدان بە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوانەوە: مرۆڤ و ڕێگەوبان و ئۆتۆمبێل. سەبارەت بە مرۆڤ بایەخیان داوە بە بەرزکردنەوەی کواڵیتی شۆفێری و توندوتۆڵکردنی مەرجەکانی هاتوچۆی سەرنشینان و هوشیارکردنەوەی هەمەلایەنی پیادەڕەوەکان. لە ڕووی ڕێگەوبانەوە بایەخیان بە ئەندازەی هاتوچۆ و زامنکردنی سەلامەتی داوە و کەرەستە پێویستەکانیان بۆ دەستەبەرکردووە. لە ڕووی ئۆتۆمبیلیشەوە بایەخیان بە چاککردنی کواڵیتی و پتەویی داوە و سوودیان لە تەکنۆلۆژیا وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی سوارڕەوی زیرەک، کە ئەگەری ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ساڵانە ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە بیریان لەوە نەکردووەتەوە، پلانێکی پێنج ساڵە بخەنەگەڕ، بە مەبەستی سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییە بێشومارەکانیان.

دەکرێت ناونیشانی پلانەکە بریتی بێت لە: ”تاقە قوربانییەکیش لە ڕووداوی هاتوچۆدا زۆرە"، کە مەبەست لێی بنیاتنانی سیستەمێکی هاتوچۆی هاوچەرخی سەلامەتخواز و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە. ئامانجی پلانەکە ئەوەیە، لە ماوەیەکی دیارکراودا و بە پیادەکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و هەنگاوی کردەیی (یاسایی و پیشەیی و زانستی) ژمارەی قوربانیان (مردوو و برینداری سەخت و برینداری سووک) بە ڕێژەی ٢٥% یان ٥٠% کەم بکرێتەوە. ئەو پلانەش پێویستی بەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:

١. پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ پڕۆژە پێنج ساڵیەکە، کە پێک بێت لە: وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پارێزگا و شارەوانییەکان، کۆمپانیا ناوخۆییەکان، هاوردەکارانی ئۆتۆمبێل، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا...هتد.

٢. دەستەبەرکردنی داتای ڕاست و متمانەپێکراو دەربارەی ڕووداوەکان و قوربانیان بەپێی (شوێن، کات، وەرز، هۆکار، تەمەن و ڕەگەزی، جۆری ئۆتۆمبێل).

٣. دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی پێویست.

٤. لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و مەیدانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ.

٥. پۆلێنکردنی هەنگاوەکانی پلانەکە لە ڕووی ئەولەویت و کات و جێبەجێکردنەوە.

٦. تەرخانکردنی پارەی پێویست لە بودجەی ساڵانەی هەرێمدا و بەشداریپێکردنی دەوڵەمەندەکان لە پلانەکەدا.

٧. هەڵسەنگاندنی کورتخایان و درێژخایانی پلانەکە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان و گەشەدان بە میکانیزم و هەنگاوەکان.

با ڕێگەنەدەین هاوشێوەی هەموو ساڵێک "ڕۆژی ڕووداوەکانی هاتوچۆ" وەک بۆنەیەکی ئاسایی تێپەڕێت و کاربکەین بۆ بەرپاکردنی پڕۆژەیەکی پێنج ساڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، تا چیتر گیانی هاوڵاتیان و دارایی وڵات بەفیڕۆنەچێت.

ڕێکخراوی ترافیک
بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ
١٦-١١-٢٠٢٥


PM:03:46:16/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو