د.لەتیف رەشید: سلێمانی شایستەی ئەوەیە لە خێر و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت
وێستگەنیوز-
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی 241 ساڵەی دامەزرادنی سلێمانی بڵاوکردەوە.
د.لەتیف رەشید لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "ئەمساڵ سلێمانی یادی 241 ساڵەی بونیادنانی دەکاتەوە، کە لەسەردەستی بابانەکان و لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی 1784 دامەزرا و لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئەمرۆ پێشەنگ بووە لە کاروانی پێشکەوتنی شارە گەورە و گرنگەکانی عیراق و تەنانەت ناوچەکەشدا".
ئاماژەی بەوەکرد، "سلێمانی بووەتە نمونەیەک لە جوانییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و بەدرێژایی مێژوو سیمبولی خەبات و تێکۆشان و خزمەت بە نیشتمان بووە".
سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، "سلێمانی پێشەنگ بووە لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و زۆرداریی رژێمە ستەمکارەکانی عیراق و هەمیشە دەیویست ئازاد و سەربەست بژی".
دەشڵێت، "لەپێناو بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلی کورد و بەهێزکردنی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، سەرکردەکانی کورد وەک شێخ مەحمودی حەفید خەباتیان کردووە".
راشیگەیاند، "ئەم شارە زیندووەی نیشتمان لە بونیادنانی عیراقێکی دیموکراتی ئازادی فیدراڵدا رۆڵێکی بەهێزی گێڕا، هەربۆیە شایستەی ئەوەیە لە خێر و خۆشی و سامانی نیشتماندا بایەخی زیاتری پێبدرێت و کاربکرێت بۆئەوەی جوانتر بێت".
د.لەتیف رەشید وتی، "ئێمە لە سەرۆکایەتیی کۆمار هەمیشە هەوڵمانداوە بۆ خزمەتکردنی هەموو پارێزگا و شارەکانی نیشتمان، دەمانەوێت خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و پێشکەوتنی شارەکانی وڵات لە باشترین ئاستدا بێت".
PM:02:32:14/11/2025
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت