ئایا لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمجارە بە یەکریزی دەچنە پەرلەمانی عێراق؟
وێستگەنیوز-
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لایەنەکانی هەرێمی کوردستان قسەی جیاوازییان هەیە لەبارەی یەکڕیزیان لە پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2025، لە بوڵتەنی کاتژمێر 12:00ی کەناڵی رووداو کە هەر یەک لە ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و شوان رابەر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د.رێبوار کەریم، کاندیدی سەرکەرتووی رەوتی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق میوان بوون و باسییان لە هەڵوێستی حزبەکانیان کرد لەبارەی یەکڕیزیان لە بەغدا.
لەمیانەی بەرنامەکەدا ئاری نانەکەلی رایگەیاند، "پارتی بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات و پارتی بەرپرسیارێتی زیاتری لەسەرە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت".
جەختی لەوەشکردەوە، "پارتی پشتگیری هەموو بۆچونێک دەکات کە لە بەغدا یەک دەنگ بین، ئامانجی پارتی یەکڕیزی لایەنەکانە لە بەغدا".
ئاری نانەکەلی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وتی، "نامانەوێت بەبێ یەکێتی پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوە".
هەروەها لوقمان وەردی رایگەیاند، "دەبێت بەغدا بکرێتە سەنتەری داکۆکی لە مافەکانمان و دەبێت لە بەغدا یەکڕیزبین و لەبری حزبایەتی لە بەغدا دەبێت کوردایەتی بکەین".
لای خۆشییەوە د. رێبوار کەریم باسی لەوەکرد، "ئامادەین لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی رێکبکەوین، چونکە رێککەوتن لەگەڵ ئەوان ئاسانترە".
د. رێبوار کەریم باسی لەوەشکرد، "ئەزموونی رابردووی یەکێتی و پارتی وایکردووە کە بڕیاری رێکنەکەوتن لەگەڵ ئەو دوو حزبە بدەین".
شوان رابەر وتیشی، "کۆمەڵی دادگەریی پشتگیری لە هەر پرۆژەیەک دەکات کە خزمەت بە خەڵک بکات، بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان هیچ بڕیارێکمان نەداوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی ئاماژەی بەوەشدا، "پارتی و یەکێتی لە بەغد نەیانتوانیوە یەک ریزبن".
تائێستا لایەنەکانی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەنێوانیان نییە تاوەکو هەموویان بە یەک دەنگ بچنە پەرلەمانی عێراق، نازانرێت لە داهاتوودا چی دەبێت و گفتوگۆکانی نێوانیان دەگات بەچی بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوانیادا هەیە.
PM:01:07:13/11/2025
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت