شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ فازڵ مەتنی : ناماقوڵیت کرد


وێستگەنیوز-

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێڕاق وەڵامی فازل مەتنی "فازڵ میرانی" دەداتەوە و نووسیویەتی، "جارێ یەکەم ناماقوڵیت کرد و نەک هەر تەنیا شەکرت شکاند بەڵکو قەندی کەرەجیشت شکاند!!".


ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر ئەتەوێت لاپەرەکانی خیانەت هەڵبدرێنەوە کێشە نیە باهەڵی بدەینەوە، بەڵام پێویستە پێشەکی بزانین لە فەرهەنگی ئێوەدا خیانەت و جاشایەتی و خۆفرۆشی بە واتای چی دێت و لای ئێمەی کوردیش بەچی؟، تۆ باسی شەستەکانت کرد بەڵام من پێم باشە بگەڕێنەوە بۆ چلەکان و بەتایبەتی بۆ سەردەمی کۆماری مەهاباد، ئەرێ ئەوە باوکی من بوو کە پشتی کردە پێشەوا و لەچاوتروکانێکا بە جۆگەلەی ئاراسا پەریەوە و بەجێیهێشت ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی ئێوە بوو کە باوکی منی لە رووسیاوە دووبارە گەڕاندەوە عیراق و کردیە ئەوەی کە بوو و پاشان خیانەتی لێکرد یا باوکی من بوو؟".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی، "ئەوە باوکی من بوو لە سەرەتای شەستەکانا تەیارەی باجرو سۆخۆی و دەبابەی حکومەتی عیراقی ناردە سەر لادێ و ژن و مناڵی ئێوە لە کانی حسێنی؟؟ ئەی ئەوە باوکم بوو کە ئاگری بەردایە ماڵە گڵییەکەتان و کتێب و یادگاریەکانی مناڵی رابووردووتانی سوتاند؟

وتوشیەتی، "ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە بە شانازیەوە گووتی من قەیتانی پێلاوەکانی عەبدوالکریمم؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە پەیماننامەی ئازاری لە پشتەوە بە دەرهێنانی کەرکوک لە موعادەلەیەکا واژوو کرد بە بێ گوێدانە گرنگی و ماندووبوونی ئەوانەی کە کەرکوکیان بە گرنگترین خاڵی ئەو پەیماننامەیە دانابوو؟ ئەری ئەوە ئێوە بوون یا باوکی من بوو کە ئاشبەتاڵی کرد و چەمایەوە و دەستی شای ئێرانی ماچ کرد؟ باوکی من تەرمی سلێمانی موعینی و برادەرانی دایەوە ئیران؟ ئەرێ ئەوە باوکی من نەبوو کە لە مەلا مستەفا پاڕایەوە و ووتی کاک عەلی عەسکەری ودکتۆر خالید و شێخ حسین ئازار مەدە با ناکۆکییەکان قووڵتر نەبنەوە ؟ باوکم تاوانی هەکاری ئەنجامدا؟".

دەڵێت، "ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە دەبابەی سەدامتان هێنایە ناو هەولێری پایتەختەوە و پەرلەمانی بەخوێن دەستکەوتووی گەلەکەمانتان داگیر کرد ؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە زیاتر لە نەوەد ئەفسەری ئەندامی ئای ئێن سی و ئوپۆزسیۆنی عیراقی کە لە هەولێرەکەمانا پەنابەر بوون رادەستی سەدامی کردن و لە سێدارەی دان؟".

دەشڵێت، "ئەرێ ئەوە ئێمە بووین یا ئێوەبوون کە لە بەرەبەیانا شەنگالتان رادەستی داعش کرد و رێگەتان دا لە بازارەکانی رەقەدا کڕین و فرۆشتن بە کێژۆڵە نازدارەکانمانەوە بکرێت؟ ئەرێ باوکی من نەوتی هەرێمی تاڵان فرۆش کرد؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە بە ریفراندۆمێکی بێ سەروبەر لەسەدا پەنجا و یەکی خاکی کوردستانتان بە کەرکوکیشەوە لەدەستدا؟ ئەرێ ئەوە ئێوە نین کە شاری ئازیزی قەڵا و منارەتان کردوەتە شانۆیەک بۆ سەماکەرو کچە مۆدێل و ئاست نزمەکانی ئەملاو و ئەولا؟، پێ ئەچێت کە تێکەڵاویتان لەگەڵ دەرودراوسێکاندا کاریگەری لەسەر زمانتان دروست کردبێت !! چونکە بافڵ باسی سەردەمێکی کرد کە هەمووان شاهێدین و تێیدا ئەژین کەچی تۆ باسی هەڵتەکاندنی قەبری مردوو ئەکەیت .. !!".

خانمی یەکەمی عێراق باسی لەوەکردووە، "ئەگەر چی ئێمە وا پەروەردە نەکراوین کە بێرێزی بەرامبەر بە مردوو بکەین بەس توو زۆر زیاد رۆیشتیت و کارێکی واتکرد کە پڕیشکی هەڵتەکاندنی قەبرێک، قەبرەکانی خوشتان هەڵتەکێنێت ..!! گەر پێویستت بە بەڵگەش هەیە دەتوانم نامەکانی خوالێخۆشبووان پێشەوا قازی محمد و مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی و تۆمارە دەنگیەکانی نێوان باوکم و خودی کاک مسعودی کاتی شەڕی ناوخۆ و بەڵگە نامەکانی ئەحمەد چەلەبیت بۆ بڵاو بکەمەوە؟، خۆ کە ئێمە بێدەنگین مانای ئەوە نیە کە زمانمان قرتاوە و پەنجەکانمان هەڵوەریون.. ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ئەکەین بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیانمان و ڕاگرتنی ئاشتی و تەبایی و ئارامی و سەقامگیری هەرێمەکەمان".

ئاماژەی بەوەشدا، "بابەت زۆرن کە لێرەدا جێی نابێتەوە و ئەمەوێت بگەرێمەوە سەر بەیانەکەی کە لە یانزەی ئازاردا بڵاوتان کردەوە، ئەگەر ووردەکارییەکانی ناو پەیماننامەکەشم لەیاد کردبێت هەرگیز لافیتەکانم لەیاد نەکردوە کە بە خەتی خۆم نوسیم و بەدیوارەکانی بەغدایا بۆمان هەڵواسین گەر بیرت چووە بابیهێنمەوە بیرت کە چی لەسەر نوسرابوو (یا من تعب یا من شگە یا من علە الحاضر لگە)".

لە کۆتایشدا نووسیویەتی، "بەداخەوە ئێوە هەر وابوونە و هەموو شتێکتان بۆ لواوە بۆیە باکتان نە بە مردوو و نە بە زیندووش نیە…. وا ئەزانن بۆ بەدەست هێنانی کورسییەک ئەتوانن دەستی چەوری خۆتان بە سەرە بەرزەکان بسڕن".


PM:09:03:10/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت