گۆڕانی زه‌رگه‌ته: بایكۆت مه‌كه‌ن و ده‌نگ به نزیكه‌كانی رێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ن
وێستگه‌نیوز -
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاراسته‌ی گردی زه‌رگه‌ته بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ره‌تده‌كاته‌وه، رێكخه‌ری ژووری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شی ده‌ڵێت: "ده‌نگ به نزیكه‌كانی رێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ن".
یاسین حه‌مه‌عه‌لی، رێكخه‌ری ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-ئاراسته‌ی گردی زه‌رگه‌ته له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هیچ لێدوان و روونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌داوه به ئاڕاسته‌ی بایكۆت و به‌شداری نه‌كردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا".
رێكخه‌ری ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان-ئاراسته‌ی گردی زه‌رگه‌ته ده‌ڵێت: "به‌پێچه‌وانه‌وه داوامان له هه‌ڵسوڕاوان و هاونیشتیمانیان ئه‌وه‌یه به‌شداری كارای پرۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ن، ده‌نگ بده‌ن به‌و لیست و كاندیدانه‌ی كه نزیكن له رێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌رنامه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه".
پێشتر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاراسته‌ی گه‌ڕه‌كی كوردسات داوای كرد ده‌نگده‌رانیان له هه‌رێمی كوردستان بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵام له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
له ئێستادا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌دا كه ئاراسته‌كانی (گردی زه‌رگه‌ته و گه‌ڕه‌كی كوردسات)ن دابه‌شبووه، به‌هۆی ئه‌و دابه‌شبوونه‌وه‌شه‌وه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان رێگه‌ی نه‌دا به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق بكات.
AM:11:27:10/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 320
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت