کاروان گەزنەیی وەڵامی فازڵ میرانی دەداتەوە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی فازڵ میرانی دەداتەوە لەبارەی چەند قسەیەک کە لەسەر یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی دەیکات.
ئەمشەو شەممە 8ی تشرینی دووەمی 2025، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی کوردستان 24 رایگەیاند، "منداڵ بە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی پێدەكەنێت، زانیاری نییە و مێژوو و جوگرافیا نازانێت، برادەرانی یەكێتی دەبێت كۆنترۆڵی بكەن".
فازڵ میرانی وتی، "سلوکی بافڵ تاڵەبانی، سلوکی سەرۆک حزب نییە، ئەو هاتووەتە سەر ماڵێکی حازر، هەروەها سەركردایەتی ئێستای یەكێتی بە كودەتا ئینقیلاب هاتوون".
فازڵ میرانی وتیشی، "لە 21ی ئاب ئێمە برادەرانی یەکێتیمان بۆ کاتێکی کەم دەرکرد، دواتر رێککەوتین و هاتنەوە، کەرکوکمان لەدەست نەیا، بەڵام یەکێتی لە 16ی ئۆکتۆبەر چی کرد، کوا کەرکوک و کوا شنگال و کوا جەلەولا و خانەقین".
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی راشیگەیاند، "سلێمانی موڵکی دانیشتووانەکەیەتی نەک حزبێک، چەندین دانیشتووی سلێمانی بەهۆی هەڕەشەکانی سەرۆکی یەکێتی هاتوون بۆ هەولێر، بەشێکیشیان لەبەر ئەم عەقڵییەتەی سەرۆکی یەکێتی، بە یەکجاری کوردستانیان جێهێشتووە".
باسی لەوەکرد، "بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1964، یەکێتی بوو دەستی بە خیانەت و خاکفرۆشتن کرد".
میرانی ئەوەشی وت، "سامانی سروشتی موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە، نە بە تەنیا موڵکی یەکێتی و نە پارتی"
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا فاڵ میرانی باسی لەوەکرد، "عێراق قوڵایی ستراتیژیمانە، هەروەها پەیامی پارتی لەو بانگەشەیە زۆر ڕوون بوو، رێگە راستەکە ئەوەیە کە ئێمە گرتوومانەتەبەر، بۆیە دەبێت لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش بێنە پاڵ ئێمە و هاوڕا و هاوڕێگەمان بن".
لەدوای ئەم چاوپێکەوتنەی فازڵ میرانی، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی فازڵ میرانی دایەوە و دەڵێت، "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو، فازڵ میرانی هەندێک ڕاستی مەعقوڵی وت، کە پێچەوانەی خواستی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی بوون، کە هاوتابوون لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی کە فازڵ میرانی خۆی هەیەتی. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە ئەمڕۆ قسەکانی گۆڕی چونکە بە داخەوە ئەم پارتییەی ئەمڕۆ، قسەی ڕاست بۆ بەرپرسەکانی بە ڕەوا نابینێت چونکە سیاسەتی پارتی هەندێک هەرزە سیاسیی دایدەڕێژن؛ بۆیە ئەمڕۆ لە ژێر فشاری باڵی خۆسەپێنی ڕوئیا دیوەخانی پارتی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی ناچار کرا، پێچەوانەی کەسایەتی و تێڕوانینی خۆی قسە بکات".
PM:11:24:08/11/2025
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت