شەرقولئەوسەت: رەنگە كورد پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەستبدات


وێستگه‌نیوز –

راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بەو پرسیار دەست پێدەكات، ئایا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەستی كورد دەردەچێت؟


لە راپۆرتەكەدا هاتووە، چاوەكان لەسەر عێراقن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە رەنگە دەرئەنجامەكانی هاوسەنگی پێگەكانی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بگۆڕن.

پۆستەكان پێكهاتوون لە سەرۆكایەتی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ سوننە.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم گرنگی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نیشاندا، لەبەرامبەر دەست هەڵگرتن لە پۆستی پەرلەمان، كە لە ساڵی 2005وە بەدەستی سوننەكانەوە بووە.

شەرقولئەوسەت روونیكردووەتەوە، بەپێی عورفی سیاسی و زۆرینەی ژمارەكانیان لە پەرلەمان، پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ هێزەكانی شیعە یەكلایی كراوەتەوە، هەندێك لە چاودێرانیش پێیان وایە، رەنگە كورد پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستبدات بەهۆی ململانێی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.

كیفاح مەحمود، راوێژكاری رۆژنامەوانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئارەزووی كوردی دووپاتكردووەتەوە بۆ دەستگرتن بە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە، سەرەڕای ئەوەی پۆستێكی تەشریفاتییە.

دەشڵێت، بەپێی عورفی سیاسی پێكهاتەی عەرەب پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆمەڵێك پۆست لە وەزارەتەكان وەردەگرن، كە بەردەوامبوونی هاوسەنگی ئەرێنی نێوان پێكهاتەكان زامن دەكات.

راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی كردووە، هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوكاتە لەگەڵ شكستهێنانی حزبە كوردییەكان لە پێكهێنانی حكومەتى هەرێمی كوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنەكانی كوردستان، كە لە تشرینی یەكەمی 2024 بەڕێوەچوو.

كیفاح مەحمو،د دانی بەوەدا هێناوە كە رەنگە لە دوای هەڵبژاردنەكان دانوستانەكانی كورد لەگەڵ بەغدا ئەنجامەكانی نەرێنی بن، ئەگەر نەگەنە رێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە لەنێوان خۆیان.

سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبی تەقەدوم بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، لەبەرامبەر پێداگری كورد بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، محەمەد حەلبوسی پێی وایە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لێكتێگەیشتنی سیاسی رەسەن، كە لە ساڵی 2004 سەرۆكایەتی كۆماریدا بە كەسایەتییەكی سوننە ئەویش غازی یاوەر بوو، پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئەو كاتە درا بە كورد.

سەرچاوەكە باسی لەوەشكردووە، هەردوو پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت لەنێوان كورد و سوننە دانوستانی لەسەر بكرێت، بەپێچەوانەی سەرۆكایەتی وەزیرانەوە كە بۆ شیعە دانراوە.

پێشی وایە، هەر لەبەر ئەم هۆكارانە زمانی قورسایی و ژمارەکانی هەڵبژاردن زۆر چارەنووسساز دەبێت، لە گۆڕینی عورفەكانی دابەشکردنی دەسەڵاتدا.

دووپاتیشیكردەوە، گرنگە كەسایەتییەكی سوننە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هەڵبژێردرێت، چونكە دەبێتە سیمای عێراق بۆ ناوچەی عەرەبییەكان.

وتيشى، هاوپەیمانی ستراتیجی نێوان شیعە و كورد وەك پێشوو نییە، سوننەی عەرەبیش لەئێستادا نزیكترە لە شیعەی عەرەب، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەجۆرێكی تر دیمەنی داهاتووی حكومەتی عێراق دابڕێژرێت.


AM:10:21:08/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو