عێراق و ئەمریکا پابەندبوونی خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی دووپات دەکەنەوە و پێشمەرگەش دەگرێتەوە


وێستگەنیوز-

وتەبێژی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق و ئەمریکا پابەندبوونی خۆیان بۆ دانانی بناغەکانی قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی دووپاتكردووەتەوە، كە هێزی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.


سەباح نوعمان، وتەبێژی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "بەگوێرەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی 2008 و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و عێراق چەند وتووێژێكی تەکنیکییان لە بەغدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندی ئەمنی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامداوە".

بەگوێرەی وتەكانی نوعمان "بەشداربووان پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بە دانانی بناغەکانی قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتكردەوە کە بەردەوامی دەدات بەوەی عێراقی فیدراڵی بتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات و سوودی بەرجەستە بگەیەنێتە هەردوو لایەنی ئەمریکی و عێراقییەکان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرپرسانی باڵا لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە وتووێژكردن بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ".

سەباح نوعمان دەشڵێت "ئەم هەنگاوە دەبێتە پاڵپشتی و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵی عێراق بە هێزی پێشمەرگەشەوە و بەرژەوەندی هاوبەش پتەوتر دەكات لە پاراستنی سەروەری عێراق و شکستپێهێنانی تیرۆر، هەروەها پتەوكردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش دەبات".


AM:11:58:07/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو