ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 7ی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، ئەمڕۆش هەریەک لە پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ کەرنەڤاڵی کۆتایی ئەنجام دەدەن.
دوێنێ پێنجشەممە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر دوایین کەرنەڤاڵی کرد و رۆژی چوارشەممەش کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کەرنەڤاڵی کۆتایی بانگەشەی ئەنجامدا، بەڵام هەریەک لە رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل هیچ کەرنەڤاڵێکیان ئەنجام نەدا.
پێشتر جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات، ڕۆژی شەممە، 08ی تشرینی دووەمی 2025، ماوەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت".
بەپێی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت لە سبەینێ شەممە 8ی تشرینی دووەمی 2025، هەر لیست و بەربژێرێک بانگەشە بکات و سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ لە هەولێر پارتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتا کەرنەڤاڵی بانگەشە ئەنجام دەدات، هەروەها لە سلێمانیش یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوایین کەرنەڤاڵی بانگەشەی حزبەکەی دەکات.
جگە لە پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی بە پەیامێکی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆتایی بە بانگەشە دەهێنێت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025یش پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
لە هەرێمی کوردستان هەشت لایەنی سیاسی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان کردووە، هەروەها 8 بەربژێری سەربەخۆش هەیە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "دوای 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەنجامە بەراییەکان ڕادەگەیەنرێن، واتە کاتژمێر 6ی ئێوارەی چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامەکان رادەگەیەندرێت".
AM:11:16:07/11/2025
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت