مەسعود بارزانی: کەرکوک شارێکی عێراقییە بە ناسنامەی کوردستانی و هەرگیز داگیرکردنی سەرناگرێت
وێستگەنیوز-
ئەمشەو پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس رایگەیاند، "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە، سوپاسی ئەو نیعمەتەی خوای گەورە دەکەم و دەمانەوێت کاری گەورەتر لە کوردستان بکەین و حکومەت کاری بۆ دەکات".
ئاماژەی بەوەکرد، "دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ستایشی هەرێمەکە دەکەن زیاتر لە خەڵکی هەرێمەکە، خوازیارین هەمان بەرەوپێشچوون لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە دی بێت".
مەسعود بارزانی لە بارەی بەربەستەکان وتی، "بەربەستەکان زۆر ڕوون و ئاشکران، لە هەرێمی کوردستان ئیرادە و پلاندانان هەیە و جێبەجێکردنیش هەیە، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتییەک هەیە بۆ پرۆسەکە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا فەوزایە پرۆژەکان هەموو پەکیان کەوتووە، ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا نییە بۆ ئەو بابەتە".
وتیشی، "بیرمان لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردەوە، چونكە یاسای هەڵبژاردن نادادپەروەرانەیە، بەڵام بڕیارماندا بەشداری بكەین بۆ پاراستنی هەر دەرفەتێك بۆ هاوكاریكردنی هێزە سیاسییەكان بەپەلە بۆ چاكسازی، دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا راستەقینە نین".
جەختی لەوەشکردەوە، "دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، چونکە یاساکە دادپەروەر نییە"، جەختی لەوە کردەوە، "ئامانجی ئێمە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی، لەو سیستەمەدا مافی کەس نافەوتێت و ئاسانتریشە".
سەرۆکی پارتی راشیگەیاند، "ئامانجی سەرەکیمان لەم هەڵبژاردنە ئەوەیە هێزی پارتی پیشان بدەین، کاندیدانی پارتیمان راسپاردووە داکۆکی لە مافی هەموو عێراق بکەن، هەروەها بەشداریمان لە هەڵبژاردن بۆ کورسی نییە، بەڵکو بۆ راستەرێکردنی دۆخەکەیە.".
باسی لەوەشکرد، "هەوڵی زۆرمان بۆ بونیادنانی عێراقی نوێدا"، دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی بەپێی یاساکانی پێشووتر کاردەکات".
دەشڵێت، "هاوپەیمانیکردن لە دوای هەڵبژاردن دەکرێت، هێشتا زوو بڵێین هاوپەیمانێتیامان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆتایی هاتووە".
مەسعود بارزانی باسی لە دادگای فیدراڵی کرد و وتی، "دادگای فیدراڵی دادگایەکی دەستووری نییە، بۆ سەردەمی بریمەر دەگەڕێتەوە و بە سیاسی کراوە و رەتیدەکەینەوە".
دەشڵێت، "بە کەمتر لە دەستوور رازی نابین، ئەقڵییەتی رەتکردنەوەی کورد لای هەندێک لایەنی عێراقی ماوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەولێر بە رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و بەغدا بووە، ئێمە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نین، چونکە داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و بە دەرچوونی هاوپەیمانان لە عێراق داعش دەگەڕێتەوە".
لە باسی هێزەکانی پێشمەرگەدا سەرۆکی پارتی رایگەیاند، "من پشت بە هێزەکانی پێشمەرگە و ئیرادەی گەلەکەم دەبەستم"، راشیگەیاند، "هێزی سەربازی نابێت تێکەڵی سیاسەت و ئابووری بێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "کەرکوک شارێکی عێراقییە بە ناسنامەی کوردستانی و هەرگیز داگیرکردنی سەرناگرێت"، دەشڵیت، "پیلانگێڕییەکان کاریگەرییان لەسەر پارتی نابێت".
لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەیدا مەسعود بارزانی باسی لەوەکرد، "یەکێتی دەیەوێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، هەروەها داوام لە پارتی کردووە نەرمی بنوێنێت بەرامبەر بە یەکێتی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا".
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا مەسعود بارزانی داوا لە خەڵک کرد دەنگ بەو لایەنە بدەن کە مافەکانیان دەپارێزێت و داهاتوویان زامن دەکات.
PM:10:05:06/11/2025
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت