سەعدی ئەحمەد پیرە: پارتی لەژێر ناوی بێمانا و كەرامەتدا مووچەی هەرێمی بڕی و ئازاری خەڵك دەدات


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەنێت، پارتی لەژێر ناوی بێمانا و كەرامەتدا مووچەی هەرێمی بڕی و ئازاری خەڵك دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، پێكهێنانی كابینەی نوێ گرنگە.


سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، "پێكهێنانی كابینەی نوێ گرنگە، چونكە دەبێت كێشەكانی رابردوو چارەسەربكات و ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە و بەتایبەت لەگەڵ پارتیدا هەیە، ئەوان لەژێر ناوی بێمانا و كەرامەتدا موچەی هەرێمیان بڕی، لە كاتێكدا هەمووان دەزانین كەرامەت گرنگە و چەندین ساڵە خەڵك لەپێناویدا شەڕدەكات، بەڵام ناكرێت تێر ئاگای لە برسی نەبێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ناكرێت بەردەوام داوای پلەو پۆست لە عیراق بكەین و خۆشمان وا پیشانبدەین كە دژی عیراقین، ئێمە وەك یەكێتی دژی نین، بەڵكو عیراق بە قوڵایی ستراتیجی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم دەزانین".

سەعدی پیرە وتی، "بە سوود وەرگرتنمان لەپێگەی خۆمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانی لەو گۆڕانكارییانە دەكەین كە لەباكوری كوردستان هاتوونەتە پێشەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هاوكات سیاسەتی كوردستانیمان بۆ رۆژئاوا و لە ئایندەدا بۆ رۆژهەڵاتیش هەیە".

وتیشی، "پارتی سنوورەكان دادەخات و ئازاری خەڵك دەدات، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین حكومەتێكی بێ كەموكوڕی پێكبهێنین بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان".


PM:08:20:06/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو