بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: لە کەرکوک دەنگ دەدەین بۆ ئەوەی دەنگی کورد کەم نەکات
        
                
        
        
        
          وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
	
	بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کردووە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە کەرکوک دەنگ بدەن و بایکۆت نەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025، عیماد کەرکوکی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئێمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان بایکۆت کردووە کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام بدرێت، مەکتەبی سیاسیی حزبەکەمان لەوبارەیەوە راگەیەندراوی هەبووە و روونکردنەوەی داوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە کەرکوک بایکۆت ناکەین، چونکە لە کەرکوک کێشەی نەتەوەیی هەیە ئێمەش هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە پرسە نیشتمانییەکان بخەینە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکانمان، بۆیە ئێمە داوامان لە لایەنگران و کادرانی خۆمان کردووە لە کەرکوک بچن دەنگ بدەن، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە کەرکوک کەم نەبێتەوە".
عیماد کەرکوکی وتی، "ئێمە بە لایەنگرانی و کادرانی خۆمان نەوتووە لە کەرکوک دەنگ بە کێ بدەن، بەڵکو ئازادمان کردوون دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە وا خۆیان و ویژدانییان دەیانەوێت و پێیان خۆشە".
لە بازنەی کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشدارییان کردووە. 
        
        
AM:11:53:04/11/2025 
    
                                
                
                    
                
                              
          			ئهم بابهته 									504
 جار خوێنراوهتهوه 
          	
                                                                       
 
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت