شاندی ئیمراڵی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ ئۆجەلان زۆر ئەرێنی بووە


وێستگەنیوز-

دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کۆبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 4ی تشرینی دووەمی 2025، لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە.


شاندی دەم پارتی رایگەیاندووە، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر ئەرینێ بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە."

ئاماژە بەوەش کراوە، "گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەیست بە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا".

بەپێی راگەیەندراوی شاندەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا، ئۆجەلان جەختی لە لە رێکخستنەوە و بەهێزی هێشتنەوەی برایەتی و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک کردووەتەوە.

ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشداوە، "دەبێت دیاردەی کورد بە هەموو شێوەیەک لە یاسای کۆماردا جێگیر بکرێت بۆ ئەمەش دەبێت پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت".

لەبارەی تەندروستی ئۆجەلانەوە شاندەکەی دەم پارتی دووپاتی کردووەتەوە "تەندروستیی ئۆجەلان زۆر باش بوو و ورەشی زۆر بەرز بووە".

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ڕۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ جاری سێیەم پێشوازی لە شاندی "ئیمراڵی"ی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد، کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تێیدا دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.


AM:10:33:04/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت