کۆمسیۆنی عێراق: زیاتر لە 300 چاودێری نێودەوڵەتی و 1500 رۆژنامەنووس بەشداری لە رووماڵكردنی هەڵبژاردنەكان دەكەن


وێستگه‌نیوز -

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە، 304 چاودێری نێودەوڵەتی و نزیكەی 1500 رۆژنامەنووسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەشداری لە رووماڵكردنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.


حەسەن سەلمان، راوێژكاری یاسایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ رۆژنامەی سەباحی ئاشكرا كردووە، تاوەكو ئێستا ژمارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەكانی هەڵبژاردنەكان گەیشتووەتە 304 كەسایەتی و تاوەكو رۆژی كۆتایی چاودێری تر وەردەگیرێت و ئەو چاودێرانە پێكهاتوون لە 7 باڵیۆزخانە و سێ‌ پەیمانگا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

پێشبینیشی كرد، كۆمكاری عەرەبی و نەتەوەیەكگرتووەكان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن، كە لە 11ی ئەم مانگە بەرێوەدەچێت.

لەلایەن خۆیەوە حەسەن هادی، ئەندامی تیمی راگەیاندنكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، كۆمسیۆن لە مانگی پێشووەوە دەستیكردووە بە بانگهێشتكردنی راگەیاندنكارانی ناوخۆیی و بیانی و بەڵگەكانیان پێشكەشكردووە بۆ بەدەستهێنانی كارتی روماڵكردنی هەڵبژاردنەكان.

ئاماژەشی كردووە، ژمارەی رۆژنامەنووسە ناوخۆییەكان گەیشتووەتە 1350 رۆژنامەنووس، لەكاتێكدا رۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییەكان ژمارەیان گەیشتووەتە 200 رۆژنامەنووس و پێكهاتوون لە ئاژانسەكان و ئێزگە و سایتەكان.

دەشڵێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستیكردووە بە دابەشكردنی ئەو كارتانەی رێگە بە رۆژنامەنووسان دەدات لە ناوەندەكانی دەنگدان روماڵی هەڵبژاردنەكان بكەن.


AM:09:56:04/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت