سەندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ لەسەر هێرشکردنە سەر میدیاکانی سلێمانی هاتنەدەنگ
وێستگەنیوز-
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، سەرهەڵدانی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر هەندێك لاپەڕەی دەزگای میدیای هەوڵێكە بۆ دەمكووتكردنی نەیاران و هەڵگرانی بیروڕای سیاسی جیاواز، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش دەڵێت، "نزیکەی مانگێکە هێرشەکان بۆ سەر راگەیاندنەکانی سلێمانی زیادیان کردووە".
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە قۆناغی ململانێی سیاسی و هەڵبژاردنەكاندا هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن، رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی دەبنەوە و لاپەڕەكانیان لەلایەن كۆمپانیای مێتا دەسوتێندرێت، ئەم هەوڵانە دژی ململانێی سیاسی تەندروستن".
ئاماژەی بەوەکرد، "سەرباری ئەوەی عێراق لە ریزبەندی خراپترین وڵاتەكانە لە رووی ئازادی ئینتەرنێتەوە، بە ئەنقەست پچڕانی ئینتەرنێت، بلۆككردنی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و بەرنامەكانی نامە ناردن، سانسۆركردنی ناوەڕۆكی میدیای و هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر لاپەڕەی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسان، تۆماركراوە".
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەنتەری میترۆی راگەیاندووە، "لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هێرشی دیجیتاڵی كراوەتەوە سەر چەندین دامەزراوەی میدیایی سلێمانی، وێب تیڤی، سایت، لاپەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی هەم كەسی و هەم میدیای ناسراو كە خاوەندارێتیان دیارە".
وتوشیەتی، "ئەم هێرشانە دژ بە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری و فرەیین"، جەختیكردووەتەوە،" ئەم هێرشانە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و شتی ترەوەیە كە هیچ بنەمایەكیان نییە".
سەنتەری میترۆ دەڵێت، "لە رێگەی شەریكەكانمان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە و سەرچاوە و هۆكارەكانی دەكەین".
هەر ئەمڕۆ کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی راگەیاند، "هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئێمە دەڵێین کە پەیج و ئەکاونتەکانی سنووری سلێمانی کێشەیان بۆ دروستدەکرێت و هێرشیان دەکرێتە سەر، بەڵام نزیکەی مانگێکە هێرشەکان زیادیان کردووە بەتایبەت لەم کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە زۆر چڕبووەتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەئاشكرا دیارە ئەم هەڵمەتە هێرشێکەو کراوەتە سەر راگەیاندنەکانی سنووری سلێمانی و زیاتر لە 200 وشە کە ناوی سلێمانیشی تێدایە بە مەبەست کۆپیڕایتیان خراوەتەسەر، ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆری پەیج و ئەکاونتی رەسمی کەلە سەندیکا مۆڵەتیان هەیە کێشەیان بۆ دروست بووە و لایک و فۆلۆوەرەکانیان سڕاوەتەوە، هەڵەمەتەکەش روون و ئاشكرایەو خراوەتە سەر ئەو پەیج و ئەکاونتانەی بەدڵی لایەنێکی دیاریکراو کارناکەن و ئازادییان لێدەسەندرێتەوە".
PM:06:06:03/11/2025
ئهم بابهته 552
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت