خالید عەباس: لە سنووری پارێزگای دهۆک 26 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رایدەگەیەنێت، لە دهۆک بە رێژەی لە %96 هاوڵاتییان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە دهۆک 770 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئامادەکاریی تەواوکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قۆناغی پشکنینی سەرجەم ئامێرەکان کۆتایی هاتووە و رۆژی 6ی ئەم مانگە کەرەستەکانی دەنگدان دەگوازینەوە بنکەکانی دەنگدان".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە دهۆک بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی هێمنانە بەڕێوەدەچێت و هیچ سەرپێچییەک تۆمارنەکراوە، بەڵام دوو سکاڵا تۆمارکراون کە لایەنێکی سیاسی تۆماری کردووە بەهۆی دڕاندنی فلێکسەکانیان، سکاڵاکە ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە".
خالید عەباس وتی، "لە دهۆک بە رێژەی لە %96 واتە 779 هەزار کەس لە دهۆک کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، هەروەها ئامادەکاری باشیش بۆ ئاوارەکان کراوە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".
وتیشی، "لە سنووری پارێزگاری دهۆک 26 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها لە دەنگدانی گشتیدا کە 11ی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەدەچێت 770 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 278 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون بۆ دەنگدانی گشتی و بۆ دەنگدانی تایبەتش 43 بنکە ئامادەکراوە و 22 بنکەی دەنگدانیش لەناو کەمپی ئاوارەکان ئامادەکراوە".
PM:03:52:03/11/2025
ئهم بابهته 476
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت