ئومێد محەمەد: پارتی و یەکێتی لە کەرکوک تەنها چاویان لە دزینی نەوت و سامان و داهاتی شارەکە بووە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، جێگەی شەرمە پارتی و یەکێتی لە پرسی گەڕاندنەوەی خاکەوە ئێستا بەڵێنی هەڵکردنی ئاڵا دەدەن، ئاماژە بەوەشدەکات، بڕیاریانداوە بەشداری حکومەتی عێراق بکەن.


ئومێد محەمەد، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە بازنەی کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕتی رایگەیاند، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەم رۆژی 11ی مانگ بە گەرموگوڕییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن".

ئاماژەی بەوەکرد، "پرسی باڵانسی هێز لە کەرکوک گرنگییەکی زۆری بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان هەیە".

ئومێد محەمەد وتی، "جێگەی شەرمە پارتی و یەکێتی لە پرسی گەڕاندنەوەی خاکەوە ئێستا بەڵێنی هەڵکردنی ئاڵا دەدەن".

وتیشی، "نیگەرانین یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە بێن راکان جبوورییەکی دیکە قوت بکەنەوە بۆسەر کەرکوکییەکان، هەرئێستا پارێزگاری کەرکوکیان کاندید کردووە بۆی بەرێی بکەن بۆ بە‌غدا و رێگە بۆ خۆیان خۆشبکەن، رێککەوتنی هۆتێل رەشید کە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کردوویانە جێبەجێ بکەن و پارێزگارێکی تورکمان یان عەرەب بەسەر کەرکوکییەکاندا قوت بکەنەوە".

ئومێد محەمەد دەڵێت، "لە دوای 2003وە بەردەوام کورد زۆرینە بووە لە کەرکوک، بەڵام سیاسەتی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک وایکردووە زۆربەی پۆستە گرنگەکانی کەرکوک لای نەتەوەکانی کورد و عەرەب بن، بەمشێوەیە، رێژەی لە %20ی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کوردن، هەروەها لە %22ی فەرمانبەران لە کەرکوک کوردن، لە قەزای و ناحیەکانی کەرکوک سێ قایمقامی عەرەب و یەک تورکمان و هیچ کورد، لە پۆستەکانی ئاسایشی نیشتمانیش کورد لە %8ی هەیە و لە کۆمپانیای نەوتی باکوور تەنها 2500 فەرمانبەری کورد هەیە".

جەختی لەوەشکردەوە، "نەوەی نوێ کاردەکات بۆ زیادکردنی پشکی دامەزراندنی کورد لە کەرکوک"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "پارتی و یەکێتی لە کەرکوک تەنها چاویان لە دزینی نەوت و سامان و داهاتی شارەکە بووە".

راشیگەیاند، "وەک نەوەی نوێ بڕیارمانداوە بەشداری حکومەتی عێراق بکەین و وەزیرێکمان هەبێت ئەوکاتە دەبینن پلانەکانمان چۆنە".


PM:09:33:01/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو