ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند کە تاوانی کوشتنیان ئەنجام داوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند کە سێ تاوانی کوشتنییان ئەنجام داوە.


ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیاند، "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە سێ کات و شوێنی جیاواز چەند رووداوێکی کوشتن لە شاری هەولێر و دەوروبەری روویاندا، لەسەر ئەم بابەتە تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرا، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای هەولێر (پێنج) تۆمەتبار دەستگیر کران ،بەم شێوەی خوارەوەیە:

1- تۆمەتباران (ع ، ع ، ع) و (ع ، ع ، ع) کاری شوفێری دەکەن لە نێوان هێڵی (بەغدا/هەولێر) لەسەر کارکردن کێشە لە نێوان چەند شوفێرێک و تۆمەتباران دروستبووە لە نزیک بازگەی شێراوە، سەر ئەنجام بووەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیەک بەناوی (موئەید عەبدوڵڵا علیاوی) کە وەک ناوبژیوان لە ناو کێشەکەدا بووە، سەرجەم ئەو دەنگۆیان دوورن لە راستییەوە کە لە چەند راگەیاندن و میدیایەکی عەرەبی بڵاوکرایەوە.

2- تۆمەتبار (أ ، هـ ، ح) لە رێکەوتی 27ی تشرینی یەکەمی 2025، لە بازاڕی کۆتری سەلام لە شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی هاوڵاتی (یوسف دەهلەوی) کە پێشتر هاوڕێی یەکتربوون.

4- تۆمەتباران (ج ، م ، م) و( م ، م ، م) کە خەڵکی وڵاتی سوریان، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سوریا بەناوی (شاهین حسین) کێشە لە نێوانیان دروست بووە و کوژراوە.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت، "سەرجەم تۆمەتبارانی ناو هاتوو ڕێکاری یاسای بەرامبەریان گیراوەتەبەر".


PM:08:25:28/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت