کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: هیچ کاتێك حیزبەکان دەستبەرداری برسیکردن و بێکارکردنی خەڵک نەبوون و نابن


وێستگەنیوز_

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، هێز و لایەنە دەسەڵاتدار و میلیشیاییە بۆرژواییەکانی عێراق و کوردستان، سەرباری پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و تائیفی و وروژاندن و هاندانی نەفرەت و کینە لەناو هاوڵاتیاندا، هەوڵی بێدەنگکردن و پاشەکشەکردن بە کاندیدە ڕکابەرەکان و کڕینی دەنگ و ترساندن و هەڕەشەی نانبڕینی هاوڵاتیان دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، لەماوەی زیاتر لە 30 ساڵی دەسەڵاتیاندا، بێجگە لە بڕینی مووچە و قووتی ژیانی خەڵک، وێرانکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، سەپاندنی هەژاری و بێکاری و بێمافی بەسەر خەڵكدا، کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆیان لەسەر حسابی سفرەی بێڕەونەقی هاوڵاتیانی کرێکار و کەمدەرامەتی کوردستان، تەنگەبەرکردنەوەی ئازادیە سیاسیەکان، بێدەنگکردنی نەیارە سیاسیەکان و تیرۆر و زیندانیکردنی هەموو دەنگێکی نەیار و رەخنەگر، هیچیان لەهەگبەدا نەبوە و نییە."

دەقی راگەیەندراوەکە:

پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشیلکاریەکانی لایەنە دەسەڵاتدار و میلیشیاییەکان!

لە رەوتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، هێز و لایەنە دەسەڵاتدار و میلیشیاییە بۆرژواییەکانی عێراق و کوردستان، سەرباری پڕوپاگەندەی کۆنەپەرستانەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و تائیفی و وروژاندن و هاندانی نەفرەت و کینە لەناو هاوڵاتیاندا، هەوڵی بێدەنگکردن و پاشەکشەکردن بە کاندیدە ڕکابەرەکان و کڕینی دەنگ و ترساندن و هەڕەشەی نانبڕینی هاوڵاتیان، بەتایبەتی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، بۆتە دیاردەیەک کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە باس دەکرێت. ئەمەشیان بە مەبەستی ناچارکردنی هاوڵاتیانە تا دەنگ بە لیست و کاندیدەکانی ئەوان بدەن. 

رۆژی ١٥ی مانگ، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی شاری بەغدا و کاندیدی لیستی هاوپەیمانی ئەلسیادە، بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و مەحمود مەشهەدانی، کە گەورەترین هاوپەیمانی هێزە سونییەکانە، لەرێگای بۆمبی چێنراوەوە تیرۆرکرا. ئەمە جگە لە هەڕەشە و تەقەکردن لە کاندیدەکان و کۆکردنەوەی زانیاری شەخسی لە هاوڵاتیان، بازاڕی کڕینی کارتی دەنگدان لەلایەن کاندیدەکانی هێزە دەسەڵاتدار و ملیشیاییەکانەوە لە سەراسەری عێراقدا بەشێوەیەکی فراوان و ئاشکرا دەستی پێکردوە.  

لە کوردستانیش، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کە لەماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵی دەسەڵاتیاندا، بێجگە لە بڕینی مووچە و قووتی ژیانی خەڵک، وێرانکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، سەپاندنی هەژاری و بێکاری و بێمافی بەسەر خەڵكدا، کۆکردنەوەی سامان بۆ خۆیان لەسەر حسابی سفرەی بێڕەونەقی هاوڵاتیانی کرێکار و کەمدەرامەتی کوردستان، تەنگەبەرکردنەوەی ئازادیە سیاسیەکان، بێدەنگکردنی نەیارە سیاسیەکان و تیرۆر و زیندانیکردنی هەموو دەنگێکی نەیار و رەخنەگر، هیچیان لەهەگبەدا نەبوە و نییە، ئێستاش کەوتونەتە فرتوفێڵ و دەستبردن بۆ کۆمەڵێك هەنگاوی قێزەون، لەوانەش گەڕان بە ماڵاندا لە سلێمانی و ناونوسین و وەرگرتنی زانیاری لێیان، هەروەها لە دەڤەری ڕاپەڕینیش دەستیانکردوە بە هەڕەشە و ترساندنی کرێکاران و کارمەندانی ژینگەپارێز و پێیانڕاگەیاندون کە ئەگەر دەنگ بە لیست و کاندیدەکانیان نەدەن لەسەرکار دەریان دەکەن! هەموو ئەمانەشیان بۆئەوەیە بڕێك دەنگی زیاتر بۆخۆیان کۆبکەنەوە.  

بێگومان، هیچ کاتێك حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستبەرداری برسیکردن و بێکارکردنی خەڵک و سەپاندنی فشار و ترساندن و دەنگکڕین و ساختەکاری نەبوون و نابن لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردندا، ئەوە سەرباری ئەوەی کە بەهۆی دەستگرتنیان بەسەر داهاتی کوردستاندا، دەزگای زەبەلاحی میدیایی و توانای گەورەی پڕوپاگەندەیان هەیە بۆ چەواشەکردنی هاوڵاتیان و ئاوەژوکردنەوەی ڕاستیەکان، بەڵام هەمیشەش چ ئەو حزبانەو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی لە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە، پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردوە کە تاکە رێگای گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتیانی کوردستان بە خزمەتگوزاریەکان و بە ماف و ئازادیەکانیان، دەنگدان و هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانە و هەر کاندیدەکانی خۆشیان بە "نوێنەرانی خەڵکی کوردستان" هەژمارکردوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم هەوڵانەی دەسەڵاتداران و میلیشیاکان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵك و هاندانی نەفرەت و کینەی نەتەوەپەرستی و تائیفی و کۆنەپەرستانە و فشاردانان لەسەر هاوڵاتیان ڕیسوا دەکات، هاوکات ڕادەگەیەنێت کە ئەم کردەوانە ئەوەندەی دیکە گەندەڵبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لای خەڵكی عێراق و کوردستان بەرجەستە دەکات و ماهیەتی هەڵبژاردن و دەنگدانی بۆرژوایی میلیشیا فەرمانڕەواکانی عێراق و کوردستان و پڕوپاگەندەکانیان سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و باشترکردنی ئایندەی سیاسی لەڕێگای پەرلەمانەوە ریسواتر دەکات.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٤/١٠/٢٠٢٥


PM:01:54:27/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت