شاسوار عەبدولواحید: ئەم دەسەڵاتە 34 ساڵە درۆ دەکەن و ئێستاش هەرچی دەیڵێن هەر درۆیە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 10ـی 2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانەوە پەیامێکی دەنگی ئاڕاستەی هاوڵاتییان کرد تێیدا دەڵێت،"وەک هەمووتان دەزانن، درووشمی نەوەی نوێ بۆ ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لە 'ئەمجارەش درۆ دەکەن'، داواکارم لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەر هەمووتان بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بە درۆی ئەم دەسەڵاتە نەکەن، ئەمانە 34 ساڵە درۆ دەکەن و ئێستاش هەرچییان وت درۆ دەکەن."

لە تۆمارە دەنگییەکەدا شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، "بەڕاستی شەرمە خەڵکێک دوای 34 ساڵ باوەڕ بەمانە بکاتەوە، هەر کەسێک باوەڕی بە دەسەڵات یان بە کاندید و پیاوانی دەسەڵات هەبێت، ئەوا خوانەخواستە گومان لە عەقڵ و هۆشیاری خۆی بکات، هیچ کەسێک نایەوێت باوەڕ بەمانە بکات وەک وتم دوبارە درۆ دەکەن، وەک چۆن جاری پێشوو قسەکانمان هاتەدی، ئەو هەموو درۆیەیان کرد و دوایی هیچیان نەبردە سەر، ئەمجارەش درۆ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، " تاکە چارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە رۆژی 11ـی 11 بۆ دەنگدانی گشتی هاوڵاتییان بڕۆن دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ و هێزە ئەمنییەکانیش رۆژی 9ـی 11 دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە درێژەی نامە دەنگییەکەدا دەڵێت، " باوەڕ بکەن ئەوەی زەڕەیەک ویژدانی هەبێت، ئەوەی زەڕەیەک ئیمان لە دڵیا هەبێت و خوا بناسێت، ئەوا بەرگری لە حەق دەکات و دژی ئەم زاڵمانە دەوەستێتەوە، وە کە بەرگری لە حەق دەکات لەناو ئەوانە دەنگ دەدات بە نەوەی نوێ، لیستی 288 و ئەم لیستە سەردەخات بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە رزگاری بێت، وە دەیبینین کە رزگاری دەبێت".

باسی لەوەشکرد،" بەس خوا بکات ئەم خەڵکە یەک تۆز زیاتر بڕوات بۆ دەنگدان و دەنگ بدات بە نەوەی نوێ، بزانن ئیشەڵا چۆن خۆشی و دڵخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ سەر لێوی هەمووتان و دۆخی کوردستان خۆش دەبێت پشت بە خوای گەورە".


AM:11:04:27/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت