رەغد كینانی بۆ وێستگەنیوز: ئەیاد عەللاوی زەمینەسازی كردووە بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان
وێستگەنیوز-
رەغد كینانی، سەركردە لە هاوپەیمانی نیشتیمانی بە سەركردایەتی ئەیاد عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاند، كه ئەیاد عەللاوی بەردەوامە لە پەیوەندییە سیاسییەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە نیشتمانییە جیاوازەکان و جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری عێراق دەکاتەوە.
رەغد كینانی، بۆ وێستگەنیوزی ئاشكرا كرد، "ئەیاد عەللاوی بە بەردەوامی چاوپێكەوتن لەگەڵ سەركردە كوردەكاندا دەكات، بە تایبەتی چاوپێكەوتن لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجام دەدات".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم دیدارانەى لایەنێكی بەشداربوون لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکانی بەغدا و هەرێمی كوردستان، هەروەها زەمینەسازی كردووه بۆ چارەسەری واقیعی و بەردەوام، بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان".
رەغد كینانی وتی، "هاوپەیمانی نیشتمانی پێی وایە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە هاوبەشییەکی نیشتمانی راستەقینە هەیە، کە گەرەنتی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتە عێراقییەکان لە بڕیاردانی سیاسی و ئیداریدا بکات".
وتيشى، "دەبێت لە قۆناغی داهاتوو یەکڕیزی وڵات و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت و متمانە لە نێوان ناوەند و هەرێمدا پتەو بكرێت و گەشەپێدانی هەمەلایەنە بەرەوپێش بڕوات کە هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی بگرێتەوە".
دەشڵێت، "ئەیاد عەلاوی دووپاتی دەکاتەوە کە کاری هاوبەشی نیشتمانی باشترین رێگایە بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز و ئاوەدان، لەسەر بنەمای بناغەکانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوودا لەم روانگەی نیشتمانییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ پێشكەشكردنی كەسانی شارەزا و لێهاتوو بۆ خزمەتکردنی نیشتیمان و هاوڵاتی".
دووپاتیشیكردەوە، "هاوپەیمانی نیشتمانی بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا دەکات، پشت بەست بە باوەڕی پتەوی بە یەکخستنی ریزەکانی نیشتمانی و پاڵپشتی لە هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ درێژەدان بە رێگای چاکسازی و بنیاتنان و کاندیدمان سارا ئەیاد عەللاوی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی".
AM:10:12:26/10/2025
ئهم بابهته 452
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت