بەرپرسانی بەغدا: مەرجی رایینەکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە فەرمانگەکاندا هەتا پارەی ئاو و كارەبا نەدەن؛ نادەستوورییە و رەتیدەكەینەوە
وێستگەنیوز_
ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ و چەند پەرلەمانتارێك بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان رەتكردەوە، كە هاوڵاتییان ناچار دەكات تاكو پارەی ئاو و كارەبا نەدەن، مامەڵەكانیان لە فەرمانگاكان رایی ناكرێت.
ئەحمەد مەیاحی، راوێژكاری لیژنەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەغدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا پێی وایە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێچەوانەی مادەی 14ی دەستوورە و دژ بە دادپەروەری كۆمەڵایەتییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی دەكەین پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكات، چونكە پێچەوانەی دەستووری عێراقیە و ئەم بڕیارە زیان بە دانیشتوانێك دەگەیەنێت كە ژمارەیان حەوت ملیۆن كەسە و بڕیارەكە بە بۆچونی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا پێویستی بە پێداچوونەوەیە.
ئاشكراشى كرد، ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا دەستەوسان ناوەستێت و كۆمەڵێك رێكار دەگرێتەبەر، لەوانە نووسراو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی وەزیران دەكات، كە چاو بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە و دەبوو پرسی بە ئێمەش بكردایە پێش گرتنەبەری ئەو بڕیارە و ئێمە زیاتر لە رێكارێك دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو بڕیارە.
لەلایەن خۆیەوە عەلی عەبادی، سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ بە وێستگەنیوزی راگەیاند، داوا لە حكومەتی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین سەپاندنی باج و رسومات بەسەر هاوڵاتییاندا جێبەجێ نەكەن كاتێك سەردانی فەرمانگەكانی حكومەت دەكەن بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ، پێویستە باج بسەپێندرێت بەسەر فڕاكسیۆنە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و وەزیران و راوێژكاران و پارێزگارەكان، چونكە ئەوان زۆرترین سوودمەندن لە ماڵی گشتی، نەك هاوڵاتی کە سەرەتاییترین مەرجەکانی ژیانێکی شایستەیان نییە.
پێشی وایە، هاوڵاتییان مافە سەرەكییەكانی خۆیان لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و ژینگە و نەوت بەدەستناهێنن، كەچی داوایان لێ دەكرێت باج
و روسومات بدەن و ئەمەش پاڵنەرە بۆ رێكخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان بۆ رەتكردنەوەی ئەم بڕیارە.
دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، بڕیارەكەیان رەتكردووەتەوە و دەڵێن، بڕیاری رایی نەكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان تاكو قەرزی ئاو و كارەبا نەدەنەوە، نادەستوورییە و پێچەوانەی مافی مرۆڤە، چونكە یاسا چەندین میكانزمی ترى داناوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت.
حكومەتی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، مامەڵەی هیچ هاوڵاتییەك لە هەموو فەرمانگاكانی حكومەت رایی نەكرێت، تاكو باجی خزمەتگوزارییەكان نەدەن.
PM:01:29:23/10/2025
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت