قائیمقامی دوکان: لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ڕۆنی رەشیان ڕشتووەتە یەکێک لە چەمەکانی سنوورەکەمانەوە
وێستگەنیوز_
سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان رایگەیاند، دوای ئاگاداربوونەوەیان لە رووداوێکی ژینگەیی مەترسیدار، بەدواداچوونی بەپەلەیان کردووە و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی زێی دوکان.
لە رونکردنەوەیەکدا، سیروان سەرحەد رایگەیاند،م ئاگادارکراونەتەوە لەوەی لە نزیک گوندی قامیشە لە سنووری ناحیەی خەلەکان، چەند تانکەرێک رۆنی رەشیان رشتووەتە ناو یەکێک لە چەمەکانی سنوورەکە و راستەوخۆ "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیە و ژمارەیەک لە بەرپرسی فەرمانگەکان، سەردانی شوێنی روداوەکەمان کرد".
هەروەها هۆشداریدا لەوەی "ئەم کارە ژینگەییە جگە لە پیسکردنی ژینگە، مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، چونکە لەکاتی دروستبوونی لافاودا، ئاوی چەمەکە دەڕژێتە زێی دوکانەوە و بەمەش سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی پیس دەبێت."
جەختیشی کردەوە، "هەر لەسەرەتای روداوەکەوە پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش راسپێردراون بەدواداچوونی جددی بکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە و چەند وێنەیەکیان وەک سەرەداو دەست کەوتووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای وەرگرتنی رای شارەزایانی ژینگە، بڕیاردراوە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە پاشماوەکە بە خۆڵ دابپۆشرێت و دوای هەڵمژینی، پاکبکرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو. هەروەها بڕیاردراوە "لەکۆتایی شوێنی رژانی پاشماوەکە بەربەست دروست بکرێت تا بەتەواوی رێگری لە تێکەڵبوونی بە ئاوی زێی دوکان بکرێت و چاودێریی وردی پڕۆسەی پاککردنەوەکە دەکەن تا بە تەواوی کۆتایی دێت."



PM:12:22:23/10/2025
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت