کۆمسیۆنی عێراق تۆماری نوێی دەنگدەرانی کەرکوکی پەسەندکرد


وێستگەنیوز-

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا لە کەرکوک کار بەو تۆمارەی دەنگدان بکرێت کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەی کردووە.


بڕیارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیسیارانەوە لەبارەى راپۆرتى کۆتایی لیژنەیەکى هاوبەش لەو بارەیەوە دەرکراوە.

بڕیارەکەی کۆمیسیاران لە دوو خاڵ پێکهاتووە، خاڵى یەکەم بڕیارەکە ئەوەیە کە پشت بەو تۆماری دەنگدەرانە ببەسترێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نوێکراوەتەوە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی 2025 کاری پێبکرێت، هەروەها خاڵی دووەمیش ئەوەیە، پابەندبوون هەبێت بە جێبەجێکردنی راسپاردە پێشنیازکراوەکان بۆ برەودان بە پرۆسەی وردبینی تۆمارەکە لە داهاتوودا.

ئەو راسپاردانە لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوە دەرکراوە کە لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی شارەکە، کۆمیسیۆن و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی حکومەتى فیدراڵی پێکهێنراوە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 19ی شوباتی 2024، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ناچار کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بکات.

بەپێی تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 بکرێت، 958 هەزار و 141 کەس لە کەرکوک دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.


PM:11:29:22/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو