مەسرور بارزانی: بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین لەناو عێراقدا بە کەم سەیرمان بکرێت
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە ئامێدی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، "دەڤەری ئامێدی لانکەی شۆڕش و داستانەکانی گەلی کورد بووە. ئەم شوێنە، شوێنی پێشمەرگە و شەهیدەکانمانە. زۆر جار داگیرکەران دەیانویست خاکی وڵاتەکەمان داگیربکەن، بەڵام پێشمەرگە و خەڵکی نیشتیمانپەروەری وڵاتەکەمان نەیانهێشتووە خاکەکەیان داگیر بکرێت، من هەر لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێدەکەین، ئێمە پێویستمان نەبوو بانگەشە لە ئامێدی بکەین چونکە ئێرە دەڤەری شەهید و پێشمەرگەکانمانە، خەبات و شۆڕشی ئەم دەڤەرە دیارە و قوربانیی زۆری داوە."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەیارەکانمان چەندین جار بەڵێنیان داوە زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگەیەنن، هەرچەند هەوڵدراوە دەستوور جێبەجێ بکرێت بەڵام هیچ نەکراوە و بەردەوام دژایەتیی ئێمە کراوە.
باسی لەوەشکرد، "میللەتی ئێمە بەردەوام سەرقاڵکراوە بەبابەتی مووچەوە و بە بابەتی ناردن و نە ناردنی مووچە، لەکاتێکدا ئەوە هەقی خەڵکی کوردستانە و منەتی کەسی تێدا نییە، لە هەمان کاتدا ئێمە تەنها چاومان لەسەر مووچە نییە، دەمانەوێت خەڵکی کوردستان ژیانێکی شایستە بژین و وڵاتی خۆمان ئاوەدان بکەینەوە، خەڵکی ئێمەش هیچی کەمتر نییە لە میللەتانی دیکە."
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەکاتێکدا نزیکەی دوو ملیۆن خوشک و برای عەرەب ئاوارەبوون، خەڵکی کوردستان دەرگای ماڵەکانیان بۆ کردنەوە و یارمەتی ئەوانیان دا.
وتیشی: کوردستان موڵکی ئێمەیە و تاوەکو لەناو عێراق دابین دەبێت مافی ئێمە یەکسان و پارێزراوبێت، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین بە کەمتر سەیرمان بکرێت، هەرگیز خۆمان بۆ ناحەزانی کوردستان ناچەمێنین و بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵیان داوە ڕێگە لە پارتی بگرن، چونکە هەموو لایەک دەزانن پارتی هەوێنی کوردایەتی و کوردستانە.
ئاشکراشی کرد، هەوڵمان داوە خزمەتی تەواوی شارەکانی کوردستان بکەین بەڵام حکومەتی عێراق مافی خەڵکی ئێمەی بە تەواوی نەداوە، بەهۆی ئەمەوە ویستوویانە پێشکەوتنی ئێمە سنوودار بکەن، بەڵام با بزانن ئاواش شارەکانی کوردستان بەراورد ناکرێت بە هیچ بەشێکی عێراق.
بە وتەی جێگری سەرۆکی پارتی، "حکومەتی عێراق لە ساڵی 2013ەوە تاوەکو ئێستا ڕێگە نادەن خەڵکی ئێمە لە کەرتی گشتیی دابمەزرێت، لە کاتێکدا تەنها ساڵی پار خۆیان یەک ملیۆن کەسیان دامەزراندووە."
PM:12:04:22/10/2025
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت