توێژەرێك لە واشنتنەوە بۆ وێستگەنیوز: نێردەكەی ترەمپ بۆ عێراق زیاتر گرنگی بە لایەنی ئابووری دەدات نەك سیاسەت


وێستگه‌نیوز_

قسەوباسێكی زۆر هەیە لەسەر مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق و وێستگەنیوز راپۆرتێكی تایبەتی ئامادەكردووە لەسەر كەسایەتی نێردەكە و مەبەستی ناردنی بۆ عێراق.

بینەر كوردی، توێژەری كاروباری نێودەوڵەتی لە واشنتن بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ناردنی نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق بەشێكی ترە لە وێناكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دووبارە وێنای كردووەتەوە.

بینەر كوردی دەڵێت، ترەمپ باوەڕی بەو شێوازە تەقلیدییە نییە كە پێشتر هەبووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ئەو زیاتر سیاسەتەكانی لەوەدا كۆكردووەتەوە، كە گرنگی بە بەرژەوەندی ئەمریكا دەدات و تەنانەت نایەوێت باڵیۆزێك دانێت بۆ عێراق لەبەر ئەوەی كە پێی وایە دانانی ئەم باڵیۆزە بە چەند فلتەرێکی زۆردا دەڕوات و دەبێت بچێتە ئەنجوومەنی پیران و كۆنگرێس و ئەوان گوێی لێ‌ بگرن.

بە وتەی ئەو توێژەرە، دۆناڵد ترەمپ بە تەواوەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای وێناكردووەتەوە و ئەم هەنگاوەشی بەشێكه لەوەى كە ئەو زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندی ئابووری دەدات، وەك لەوەی گرنگی بە بەهاكان، دیموكراسی، یان گرنگی بە مافی مرۆڤ بدات. 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ نموونە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە كۆنگرەی شەرم شێخ باسی لەوەكرد، كە عێراق نەوتێكی زۆری هەیە، بەڵام نازانێت ئەم نەوتە چی لێبكات، هەر لەبەر ئەوە لەم كاتەدا بازرگانێکی بۆ عێراق نادرووە.

بینەر كوردی دەشڵێت، ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەم بازرگانەی بۆ عێراقی ناردووە لە ویلایەتی میشیگن لە خولی یەكەم و دووەمی سەرۆكایەتی، هاوكار و پاڵپشتییەكی گەورەی دۆناڵد ترەمپ بووە، بۆ بردنەوەی سەرۆكایەتییەكەی بە تایبەت لە خولی دووەمدا. 

باسی لەوەشكرد، نێردەكەی ترەمپ بۆ عێراق كەسێكە بە رەچەڵەك عێراقییە و كۆمەڵێك پەیوەندی هەیە لەگەڵ سیاسەتمەدارانی عێراقی و لەم كات و ساتەدا ئەمە كە نێردراوە بۆ بەغدا، زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندی بابەتی نەوت و بەرژەوەندی بە گرێبەستەكانی ترەمپەوە هەیە.

رونیشیكردەوە ترەمپ پێی وایە، تەنانەت جەنگەكانیش دەتوانێت لە رێگەی سەفەقاتەكانەوە چارەسەر بكات وەك ئەوەی لە غەززە كردویەتی و گرنگی زياتر بەو كەسانە دەدات كە لە ژینگەیەكی بازرگانیدا ئیشیان كردووە و زۆربەی نێردەكانیشی بازرگانن.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بۆ ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دووپاتکردەوە، بۆ درێژەدان بە هاوکاریی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكا و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامدراون، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پەرەپێدانی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ کاروبارەکان و رێگە خۆشكردن بۆ وەبەرهێنان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراقدا، بۆ بەرجەستەکردنی دیدگای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

چی دەزانیت دەربارەی مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق؟

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، كه ترەمپ بازرگانێکی ماریجواناى وەک نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عێراق هەڵبژاردووە و خاوەن کارێکی پێشەنگە، لە چاندنی حەشیشدا و بە رەچەڵەک عێراقییە. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا له تروس سۆشیال رایگەیاند، خۆشحاڵم رایبگەیەنم كە مارك ساڤایا، پۆستی نێردەی تایبەتی منی وەرگرتووە بۆ عێراق، تێگەیشتنی قوڵی مارك بۆ پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا و پەیوەندییە بەرفراوەكانی لە ناوچەكە، رۆڵیان دەبێت لە پتەوكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی ئەمریكا.

رۆژنامەی ئیندیپێندنت'ـیش ئاشكرای كردووە، ساڤایا دامەزرێنەری كۆمپانیای لیف ئەندبۆدە كە تایبەتە بە چاندنی حەشیش لە دیترۆیت؛ گەورە شارەكانی ویلایەتی میشیگن، هەروەها كۆمەڵێك فڕۆشگای دامەزراندووە بۆ فڕۆشتنی ماریجوانا لەو شارە.

مارك ساڤایا بەوەناسراوە كە بانگەشەیەكی چڕی بۆ دۆناڵد ترەمپ كردووە لەكاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، بە تایبەت لەسەر تابلۆكانی رێگە بەناوبانگەكانی ویلایەتەكە.

مارك ساڤایان نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق رایگەیاندووە، كە پابەندە بە پتەوكردنی شەراكەتی نێوان ئەمریكا و عێراق بە سەركردایەتی سەرۆك ترەمپ و به رێنماییەكانی.

رۆژنامەی ئیندیپێندنت باسی لەوەكردووە، كە مارك ساڤایا هیچ ئەزمونێكی نییە لە كاری سیاسیدا چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان فیدڕاڵی، بەدەر لەوەی لەگەڵ تیمی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ كاری كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی 2024.

دۆناڵد ترەمپ لە تروس سۆشیال دەڵێت، مارك یاریزانێكی سەرەكی بووە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەیدا لە میشیگن، كە لەگەڵ چەند كەسێكی تردا یارمەتیدەر بووە بۆ گەرەنتیكردنی دەنگدانێكی پێوانەیی لەنێو ریزی موسڵمانانی ئەمریكادا.

بەپێی راپۆرتەكەی شەرقئەوسەت، مارك ساڤایا لە خێزانێكی مەسیحی كلدانییە و لە عێراق لە دایك بووە و لە دوای ساڵی 1990 كۆچی كردووە بۆ ئەمریكا، دوای ئەوەی راگەیەندرا كە وەك نێردەی ترەمپ دامەزراوە، ئێلیزابێس تسورکۆڤ توێژەرى ئیسرائیلی - رووسى كە ساڵی 2023 لە عێراق رفێندرا ئاشكرای كرد، كە ساڤایا رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە ئازادكردنی.


AM:08:52:22/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو