مەسرور بارزانی: سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت؛ بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە.

مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی رایگەیاند: پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خۆمان ئێوەی بەڕێز دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژەیە نایابە کە بێگومان خزمەتێکی زۆری گەلی کوردستان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای ساڵێک کە بەڵێنماندا ئەم پرۆژەیە دروست بکەین، ئێستا لێرەین کە بڵێین بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی بۆ ئابووری کوردستان و پێشخستنی کوردستان دروست کران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرامبەر بەخەڵکی کوردستان و جیهان، کە پێیان بڵێین ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری بەهێز هەبێت، هیچ شتێک مەحاڵ نییە."

بە وتەی سەرۆک وەزیران، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەیە کە ئێستا دەیبینن، هیوادارم خزمەتی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی بۆ مەبەستی گەشتوگوزار دێنە ناوچەکە بکات.

راشیگەیاند، ئەم دووسایدە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر کە لەشاری هەولێر دەستپێدەکات، هەروەها ئەم دووسایدە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، کە ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆی ئەم دەڤەرە دەکات و  ئەم ڕێگەیە ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.

دەشڵێت: "داوا لەهاوڵاتیان دەکەم ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن، کوردستان وڵاتێکی جوانە ئەم جۆرە پرۆژانەش جوانتری دەکات، بەڵام لەسەرخۆمانە ئەم جوانییە بە پاکیی و جوانی ڕابگرین، چەندین جار داوام کردووە ژینگە و پاک و خاوینی ئەم وڵاتە بپارێزن، ئەرکی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بەجوانی ڕایبگرین، سەرەڕای ئەم هەموو بانگەوازییە دەبینین هەندێک کەسی نابەرپرس گوێ بە ژینگە پاریزی نادەن."


PM:02:56:19/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو