مەسعود بارزانی: ئومێدەوارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبهێنرێت
وێستگەنیوز-
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین، ئاماژەی بەوەکرد، پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئایینەکانی دیكهی ھەرێم لە هەولێر رایگەیاند، "فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین".
مەسعود بارزانی وتی، "پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵنگارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان".
وتیشی، "ئومێدەوارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبهێنرێت، کاری جددیش بۆ ئەوەیە".
جەختی لەوەشکردەوە، "گرنگە زانایانی ئایینی زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی مادەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە".
سەرۆکی پارتی راشیگەیاند، "ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە رەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، هەروەها کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن".
مەسعود بارزانی سوپاسی خەڵی کوردستانی کرد کە خۆڕاگر بوون بەرانبەر زوڵمی بڕینی ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "سەرەڕای ھەموو تێبینییەک، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنمان کردووە".
PM:07:00:18/10/2025
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت