جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆ: ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات
وێستگەنیوز-
جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆ رایدەگەیەنێت، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، نەوتى هەرێمى کوردستان خواستى زۆرى لەسەرە بەتایبەت لە بازاڕەکانى ئەوروپا.
د. حەمدى شنگالى، جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەى تارگێتى کەناڵ 8 رایگەیاند، "ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات و ئێستا ئاستى بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 215 هەزار بەرمیلى رۆژانە و 165هەزارى لە رێگەى بۆرییەوە هەناردەدەکرێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەوڵدەدەن ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیادبکەن بۆ 400 هەزار بەرمیلى رۆژانە".
د.حەمدی شنگالی دەڵێت، "رێککەوتنى هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵە، ئەمەش بەو واتایە نایەت کە لەدواى ئەو بەروارە هەناردەکردنى نەوت رادەوەستێت، بەڵکو دیاریکردنى ئەو ماوەیە بە ئامانجى جێبەجێکردنى پابەندییەکانە".
دەشڵێت، "لەپاش ئەو وادەیە بە واژۆى لایەنەکان رێککەوتنەکە نوێدەکرێتەوە، بەڵام ئەمە کاریگەرى لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت نابێت و هیچ پێشهاتێکى نەخوازراو نەیەتە پێشەوە هەناردەى نەوت ناوەستێت".
جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، "هەرچەندە لەکاتى گفتوگۆکان بەغدا هەوڵیدا وەک لایەنێک بێتە ناو گرێبەستەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێمى کوردستان رەزامەند نەبووە و ئەو گرێبەستانە تەنیا لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان وەک خۆى ماوەتەوە".
ناوبراو وتی، "ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەى کەدێت بەدواداچوون بۆ شێوازى ئەنجامدانى گرێبەستەکان و تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات، تەنیا لەرووى یاساییەوە بڕیار لەبارەى گرێبەستەکان دەدات و گرێبەستەکان ناخرێتە بەردەم کۆمپانیاکە و وەک پێشتر بەنهێنى دەمێنێتەوە".
د.حەمدى شنگالى جەختی لەوەکردەوە، "کۆمپانیا راویژکارییەکە دیارییکراوە و ناوى ود مەکەنزییە و پێویستە لەوماوەى کە دیاریکراوە و 60 رۆژە راپۆرتى خۆى سەبارەت بە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکان پێشکەش بکات".
وتیشی، "نەوتى هەرێمى کوردستان خواستى زۆرى لەسەرە بەتایبەت لە بازاڕەکانى ئەوروپا چونکە نزیکە و تێچووى گواستنەوەى زۆر نییە".
ئاماژەی بەوەشدا، "نەوت بەهەمان نرخى سۆمۆ دەفرۆشرێت و سۆمۆ هەموو حەوتى مانگێک کۆدەبێتەوە و نرخى نەوت بۆ یەک مانگ دیاریدەکات".
PM:11:48:16/10/2025
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت