سەلاحەدین بەهائەدین: كورد پێویستی بەهێزێكی سێیەمی بەهێزە لە بەغدا لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی


وێستگەنیوز-

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایدەگەیەنێت، كورد پێویستی بەهێزێكی سێیەمی بەهێزە لە بەغدا لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێم، ئاماژە بەوەشدەکات، بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزەو لەدوای ڕاگرتنی شەڕی دژی غەززە، هێشتا پریشكی ئاگری شەڕ لەبەردەم دەرگای وڵاتانی ناوچەكەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەمیانەی کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 278ی یەكگرتو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەردوو قەزای شارەزوور و سەیدسادق رایگەیاند، "كورد پێویستی بەهێزێكی سێیەمی بەهێزە لە بەغدا لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی هاوڵاتییانی هەرێم، چونكە لە رابردوودا كاربەدەستانی یەكێتی و پارتی لە بەغدا كورسی و بەرژەوەندییەكانیان بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی بەكارهێناوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆزەو لەدوای ڕاگرتنی شەڕی دژی غەززە، هێشتا پریشكی ئاگری شەڕ لەبەردەم دەرگای وڵاتانی ناوچەكەیە، ئەگەر كاربەدەستانی عێراق و هەرێم ژیرانە مامەڵە نەكەن، پریشكیان بەردەكەوێت، سەرەڕایی گۆڕانكارییەكانی سوریاش هێشتا دەرهاویشتەكانی ماون، لەئێستادا زلهێزەكانی ناوچەكەو جیهان دەیانەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری لەحكومڕانی عێراقدا بكەن، ئەگەر بەهەڵبژاردن چارەسەر نەبوو، دوور نییە پەنا بۆ كردەی سەربازی ببرێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگ و چارەنووسسازەو جێی داخە لەم هەلومەرجە ناسكەشدا كورد بەتایبەت یەكێتی و پارتی ناتەباو ناكۆكن".

لەمیانەی وتەکانیادا ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو داوایکرد دەنگ بە یەکگرتوو بدرێت و وتی، "ئێمە كۆمەڵێك كاندیدی بوێر و راستگۆ و دەستپاك و دڵسۆزمان بەربژێر كردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئێمە لەگەڵ دروشمەكانی خۆمان راستگۆبووین، هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی كورسییەكانی ئەوانە سەرەڕایی چاوسوركردنەوەو ترس و تۆقاندن، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان جیاوای بكەن لەنێوان بەهەشت و دۆزەخ، چاك و پیس، دیاریشە كە چاك و پیس وەك یەك نین، پێویستە سەرنج لەسەر چاكەكان بێت، ئەگەر پیسیش بەپیسیەكەی خۆی سەرنجت زیاتر رابكێشێت".


PM:10:42:16/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت