حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: حەماس هیچ کاتێك نوێنەرایەتی ڕزگاری و ئازادیی خەڵکی فەلەستین نەبووە


وێستگەنیوز_

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایدەگەیەنێت: "بزووتنەوەی حەماس بە کوشتاری سەرشەقامەکان، پاداشتی دووساڵ جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە دەداتەوە!"

ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەی حەماس وەکو بزووتنەوەیەکی بۆرژوایی و کۆنەپەرست، کە خۆی کردۆتە خاوەنی پرسی فەلەستین و وەستانەوە بەدژی ئیسرائیل، هیچ کاتێك نوێنەرایەتی ڕزگاری و ئازادیی خەڵکی فەلەستین لە داگیرکاری و چەوسانەوە و ئاپارتاید و دەستڕاگیشتنی خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی فەلەستین بۆ ژیانێکی ئازاد و مرۆیی هاوچەرخ، نەبووە و نییە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لە کاتژمێرەکانی ڕابردودا، ڤیدیۆی چەکدارانی حەماس کە ژمارەیەك هاوڵاتی فەلەستینی دانیشتووی غەززە لەسەر شەقام و بەبەرچاوی خەڵکەوە، گوللـەباران دەکەن، بەشێوەیەکی فراوان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بڵاوبوەوە. پاساوی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەم وەحشیەتەی بەڕێیانخستوە، سزادانی خیانەتکاران و بەکرێگراوانی ئیسرائیلە! ئەم تاوانەی بزووتنەوەی حەماس ڕاستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دێت لەو ناوچانە و بەپێی ڕاگەیاندنی ترامپ، ئەوان رێگایان بە بزووتنەوەی حەماس داوە کە کۆنترۆڵی ئەمنی ئەو ناوچانە بکات بە مەبەستی ڕێگاگرتن لە ئاژاوە و لەڕاستیدا ستایشی حەماسی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە و گوایە ژمارەیەك چەتە و خراپەکاریان کوشتوە!

بەپێی ڕاگەیاندنی رێکخراوی " بەرەی خەباتی گەلی فەلەستینی- جبهة النضال الشعبي الفلسطیني"، سەرکردایەتی غەززە، کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە دەڵێ:" لەکاتێکدا هێشتا گەلەکەمان تیماری برینەکانی دەکرد و خەریکی یەکگرتنەوە و تێپەڕاندنی ئازارەکانیان بوو، وە لەکاتێکدا کە تاوانباری جەنگ، نەتەنیاهۆ، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕەکەی دەکرد دژ بە غەززە، بزووتنەوەی حەماس بە چەکدارەکانی و چەكەکانیانەوە هێرشیان کردە سەر چەند خێزان و چەند عەشیرەتێکی فەلەستینی لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە، و دەستیان دایە تۆقاندنی کەسانی بێدیفاع لە ژن و مناڵ و پیر، و هەستان بە ئیعدامکردن لەسەر شەقام و مەیدانەکاندا لە دیمەنێکی شەرمهێن و قێزەوندا کە ناکۆکە لەگەڵ یاساکانی فەلەستین و بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و  هەموو بەهایەکی عەدالەت و کەرامەتی مرۆییدا"!  

بزووتنەوەی حەماس وەکو بزووتنەوەیەکی بۆرژوایی و کۆنەپەرست، کە خۆی کردۆتە خاوەنی پرسی فەلەستین و وەستانەوە بەدژی ئیسرائیل، هیچ کاتێك نوێنەرایەتی ڕزگاری و ئازادیی خەڵکی فەلەستین لە داگیرکاری و چەوسانەوە و ئاپارتاید و دەستڕاگیشتنی خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی فەلەستین بۆ ژیانێکی ئازاد و مرۆیی هاوچەرخ، نەبووە و نییە و بگرە بەردەوام لە پرسی فەلەستین و لە نەهامەتیەکانی خەڵکی فەلەستین نانی خواردوە و وەکو هێزێکی بۆرژوازی کۆنەپەرست پایەکانی دەسەڵاتی خۆی داکوتاوە و بازرگانی بە پرسی فەلەستینەوە کردووە. بۆیە ئەو تاوانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی ڕزگاربوو لە جینۆساید ئەنجامی داوە بەناوی پاراستنی یاسا و سزادانی تاوانبارانی بەکرێگراوی ئیسرائیل، تەنها بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی غەززەیە لەکاتێکدا کە دەسەڕاتی حەماس بەرەو کۆتایی دەچێت لە غەززەدا، لەکاتێکدا کە دەنگی ناڕەزایەتی دژی حەماس لەناو هاوڵاتیانی فەلەستینی و دانیشتوانی غەززە بەرەو سەر دەچێت.

ئێمە ئەم تاوانەی چەکدارانی حەماس دژی هاوڵاتیانی غەززە سەرکۆنە دەکەین و پێمانوایە کە دەورێکی خراپەکارانەی دەبێ لەسەر پرسی فەلەستین و دەتوانێ لەلایەن دوژمنانی خەڵکی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل و میدیای نۆکەری پرۆ ئیسرائیلی و پرۆ ئەمریکی و ڕۆژاواییەوە بۆ لەکەدارکردنی پرسی فەلەستین و پڕوپاگەندە لەدژی ئەو بزووتنەوە جیهانیەی بۆ بەرگری لە خەڵک و پرسی فەلەستین  بەڕێکەوتوە، خراپ کەڵکی لێوەربگرێت! سەرەنجام ئەوە خزمەتێکی گەورە بە ئیسرائیل و ترامپ دەکات و هەر لەبەرئەوەشە کە دەستبەجێ لەلایەن ترامپەوە مۆری تەئیدی لێدرا!

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥


PM:12:49:16/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو