عومرەکارێکی کورد لە سنووری عەرعەری سعودیە کۆچی دوایی کرد


وێستگەنیوز_

وتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە، عومرەکارێکی کورد بەناوی (مەلیحە ئەحمەد عەلی خان)، لە سنووری عەرعەری سعودیە کۆچی دوایی کرد.

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان رایگەیاند: "ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلارە وتەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بووە، بەداخەوە ئەمرۆ لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعوودیە لە مەرزی عەرعەر کۆچی دوایی کردووە، دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییان کردووە بە خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی حەج و عومڕە کە ئەو عومرەکارەی لەگەڵدا بووە، ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو عومڕەکارە و گوتی: بە بەردەوامی دوو فەرمانبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری عەرعەر کار دەکەن تاوەکو کارئاسانی بۆ عومڕەکارانی کوردستان بکەن، ئاماژەی دا، تا بەرەبەیانی ئەمرۆ فەرمانبەرانمان لە عەرعەر هاوکاربوونە تاوەکوو تەرمی ئەو عومڕەکارە بەرێ کراوە بۆ ڕومادی.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو عومرەکارانەی کە تاوەکوو ئێستا لە سعودیە کۆچی دواییان کردووە کاروان ستونی گوتی: ئەمە دەیەمین عومڕەکاری کوردە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعودیەوە کۆچی دوایی بکات و یەکەم عومڕەکاری کوردە کە لە دوای بە جێگەیاندنی سونەتی عومڕە قسمەتی وابێت تەرمەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەخاک بسپێردرێت.


AM:10:34:16/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت