نێچیرڤان بارزانی: داوای یەکڕیزی لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەکەین
وێستگەنیوز_
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی ناساندنی کاندیدانی پارتی لە هەولێر رایگەیاند، "لە سایەی خەبات و ماندووبوونی پێشمەرگە و شەهیدەکانمان، پارتی توانیویەتی بەردەوام بێت و هەتا ئێوەی هەبێت، هەرگیز لە خەبات کۆڵنادات بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی خەباتمان بۆ کردووە." دەشڵێت: "داوای یەکڕیزی لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دەکەین."
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکیدا رایگەیاند، سوپاسی مووچەخۆران و ئەوانە دەکەم کە بەرگەی ئەم دۆخەیان کرد، ناحەزان پێیان وابوو بە بڕینی شایستە داراییەکان، خەڵک هەڵدەستن و رێگەی دیکە دەگرنە بەر، بەڵام هەمووتان سەلماندتان بۆ دۆست دوژمنان کە کۆڵنادەن و پشت بەخودا بەرەو سەرفرازی دەچین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەڵبژاردنە ئاسایی نییە، ئەمە قۆناغێکی زۆر گرنگە لە عێراقدا، پێش ئێستا ئێمە قۆناغێکمان هەبوو لە ساڵی 2005 کە حکومەتی نوێ دامەزرا، ئەوە پێناسەی سیستمی عێراق کرا بەڵام دواتر کەوتە ناو کێشە و ناڕەحەتی یەکجار زۆر. سەرەتایەکی نوێ لە عێراق دەستپێدەکات کە ناوی دەنێین 'قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق'، ئەمەش بۆ کوردستان و پارتی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوە دەبێت بەڵێنی خۆمان بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دووپات بکەینەوە و بە گڕو تینەوە بەشداری بکەین.
وتیشی: پێگەی هەر حیزبێک بەوە دەپێورێت کە چەند جەماوەری هەیە، خەڵک ئێمەی سەربەرز کرد و لە هەڵبژاردنی کوردستان خەڵک ئێمەی سەرخست و 800 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا. پارتی گەورەترین شۆڕشی کوردستانی هەڵگیرساند. پارتی ئەو حیزبەیە کە یەکەم دانپێدانانی کورد لە ساڵی 1970 لەسەر دەستی ئەو بووە.
بە وتەی نێچیرڤان بارزانی، کێشەکانی ئێستا لەگەڵ عێراق؛ لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوورە، هەرێمی کوردستان ئەم هەڵبژاردنانە بە دەرفەت دەزانێت، قۆناغی ئێستا ئەوەیە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت. هەر بۆیە دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە، لە بەغدا بەهێز بین.
ئاشکراشی کرد، لەم هەڵبژاردنەدا چاومان لەوەیە پارتی ملیۆنێک دەنگ بەدەستبهێنێت.
دووپاتیشی کردەوە، کە دێتە سەر باسی پرسی کورد و مافەکانی، لە وڵاتانی دەوروبەر و لە بەغدا، دڵنیابن هەمووان پارتی بە خاوەن ماڵ دەزانن، چونکە لە هەر کوێ بین لەو شوێنە ئاوەدانی هەیە. هەر بۆیە پارتی لە هەرێمی کوردستان رکابەری هیچ حیزبێک نییە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، جێگری سەرۆکی پارتی وتی: "پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە لە بەغدا، ئەگەر پارتی بەهێز نەبێت، واتە کوردستان بەهێز دەبێت و بە پێچەوانەشەوە. داواش دەکەین لە بەغدا، یەکڕیز بین لەگەڵ هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان. لە کوردستان داوای کاری هاوبەشی و پێکەوەیی دەکەین، بەڵام لە بەغدا دەبێت یەکڕیز بین."
PM:05:00:14/10/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت