دەزگای کاروباری مین بۆ وێستگەنیوز: ئامادەین بۆ پاككردنەوەی ئەو شوێنانەی پەكەكە چۆڵی كردووە و رەزامەندی حكومەتیشمان وەرگرتووە
وێستگەنیوز_
جەبار مستەفا، سەرۆكی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامادەن بۆ پاككردنەوەی ئەو شوێنانەی پەكەكە و هێزەكانی توركیا چۆڵیان كردووە و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشيان وەرگرتووە.
جەبار مستەفا، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، كارمان لەسەر ئەوە كردووە، ئەو شوێنانەی لەلایەن پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، لە مین و تەقەمەنی پاكیان بكەینەوە، بەڵام تاكو ئێستا دەستمان بە پڕۆسەی پاككردنەوەكە نەكردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاكسازی لەو شوێنانە ئەنجام نادرێت، تاوەكو رووپێوی نەكرێتەوە و دەبێت تیمەكانمان بچنە ئەو شوێنانە؛ رووپێوی بكەن بۆ زانینی رووبەرەكە، پاشان دەست بە پاكسازی ئەو شوێنانە دەكەین.
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەو مەبەستە نووسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە و پێویستیمان بە هاوكاری ماددی و ئەمنی هەیە، تاكو بەزووترین كات رووپێوی بۆ بكەین و بیخەینە بەرنامەی ساڵی داهاتوو، بەمەبەستی ئەوەی تیمەكانمان دەست بە پاكردنەوەی ئەو رووبەرانە بكەن.
بە وتەی جەبار مستەفا، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بە پاككردنەوەی ئەو شوێنانە و شوێنەكانیش دەستنیشان كراون، بەڵام تاكو ئێستا هیچ شتێكيان بەدەست نەگەیشتووە لە رووی هاوكاری ماددی و ئەمنییەوە و لەگەڵ دابینكردنی لایەنی لۆجستی دەستدەكەن بە پاككردنەوەی ئەو شوێنانە لە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییەكان.
ئاشكراشی كرد، ژمارەی رووبەری ئەو كێڵگە مینانەی لە سەرتای ئەمساڵ 2025 پاككراونەتەوە لە هەرێمی كوردستان تاكو مانگی ئەیلولی 2025، گەیشتووەتە چوار كیلۆمەتر و 26 رووداوی قوربانیانی مین تۆمار كراون، كه 16ـیان بریندارن و 10 كەسی دیکەشیان گیانیان لەدەستداوە.
PM:04:00:14/10/2025
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت