ئومێد سەباح: حکومەت بڕیاریدا بڕی 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە تەرخان بکات
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێشتر ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد و کۆمەڵێک داواکارییان کرد، بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بکرێت. هەر بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت فەرمانی کرد بە دروستکردنی چەند لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ کۆمەڵێک ىڕیاری باش بۆ خەڵکی شارەکە دەرکرا و ئەمەش دیاریی حکومەتە بۆ خەڵکی هەڵەبجە."
ئومێد سەباح، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە بڕی 25 ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی هەڵەبجە تەرخان بکرێت، هەروەها لە ماوەکانی ڕابردوودا، 500 کەس دامەزرا، دواتر 52 کەسی دیکەش دامەزرا، ئێستاش بڕیاردراوە 250 کەسی دیکەش دابمەزرێن ئەمەش بۆ پتەوکردنی ژێرخانی کارگێڕی هەڵەبجە.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان بە وتەی ئومێد سەباح، "بابەتی مەرزی سازان زۆر گرنگە و وەک دەروازەیەک بۆ گەشەسەندنی شارەکە سەیری دەکەین. سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە مەرزی سازان وەک مەرزێکی ناوخۆ بکرێتەوە و هەوڵیش دەدرێت بکرێت بە نێودەوڵەتی. ئەمەش وەک داوایەک ئاراستەی بەغدا و ئێران دەکەین بۆ هاوکاریی کردنمان."
دووپاتیشی کردەوە کە، "دەبێت قەرەبووی خەڵکی هەڵەبجە و زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە لە بوودجەی سیادی. ئێمەش لە هەڵەبجەوە دەستیپێدەکەین بۆ ئەوەی مافی خەڵک وەربگرێنەوە."
"بڕیاردراوە بە دروستکردنی پارک و نەخۆشخانە. هەروەها دروستکردنی بۆردێکی تەندروستی بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی." سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وای وت.
بڕیارێکی دیکەی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵەبجە ئەوەیە کە "لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری هەڵەبجە پێکبهێنرێت و هەروەها پێویستە وەبەرهێنەران؛ دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە بقۆزنەوە."
AM:10:24:06/10/2025
ئهم بابهته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت