ئیدارەی خۆسەر: پرۆسەی هەڵبژاردنی سووریا پرۆسەیەكی ناشەفاف و دوور لە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان بوو بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات
وێستگەنیوز_
بەدران چیا کورد، جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سووریای رەتکردەوە کە دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەچوو و رایگەیاند: ئەو ئەندامانەی لەم هەڵبژاردنانەدا هەڵبژێردراون، نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی هەمەچەشنی کۆمەڵگەی سووریا ناکەن.
بەدران چیا كورد بە ماڵپەڕی "الحدث"ـی وتووە: ئێمە لەم پرۆسەیەدا نوێنەرایەتیمان نییە، هەربۆیە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە پابەندکەر نین بۆ ئێمە، بەتایبەتی کە ئێمە خاوەنی ئیرادەیەکی سیاسیین هەڵقوڵاوی پێکهاتەکان، كە نوێنەرانی خۆیان لەڕێی هەڵبژاردنی ئازادەوە دیاریی كردووە، پێویستە ئەم ئیرادەیە بەهەند وەربگیرێت.
هەروەها رەخنەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریاش گرت کە بۆ یەکەمجار لە دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڕێوەدەچێت ئاماژەی بەوە کردووە: ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدرا یاسایەکی دیموکراسی نەبوو کە گەرەنتی بەشداریکردنی هەموو سوورییەکان بکات بەبێ جیاكاری، جگە لەوەش، لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی راستەقینە نەبووە لە هەلومەرجی ئێستادا، كە ئەوەش بووە هۆی دورخستنەوەی ناوچەو توێژی فراوانی كۆمەڵگا.
بە وتەی جێگری هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆسەر، ئەو میکانیزمانەی لەم پرۆسەیەدا بەکارهێنراون لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە ناگونجێت، بەو پێیەی دیموکراسی و شەفاف نییە، هەروەها دوورە لە رۆحی بڕیارنامەی 2254ــی نەتەوە یەکگرتووەکان، كە چوارچێوەی نێودەوڵەتییە بۆ چارەسەرى سیاسی لە سووریا .
دووپاتیشی کردەوە کە، پرۆسەی هەڵبژاردن، بەم شێوەی ئێستای، هەوڵى شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتێک، کە نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی سووریا ناکات.
AM:10:07:06/10/2025
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت