شاسوار عەبدولواحید بۆ دەستەی مافی مرۆڤ: دۆسیەکەم سیاسییە و بەهیچ شێوەیەک یاسایی نییە
وێستگەنیوز_
ڕۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی دکتۆرە مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستە و فەیزوڵڵا محەممەد، ڕاوێژکاری دەستە سەردانی شاری سلێمانیان کرد بۆ مەبەستی ئامادەبوون لە دادگایی کردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە "شاسوار عەبدولواحید داوای پێداچوونەوە (تەمییز)ـی دۆسیەکەی کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆیە دادگایکردنی دواخست. دواتر شاندەکەمان بۆ مەبەستی بینینی ناوبراو سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانیمان کرد و لەنزیکەوە گفتوگۆمان لەگەڵ کرد و گوێمان بۆ داواکارییەکانی گرت."
شاسوار عەبدولواحید بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی راگەیاندووە، "ڕاستە لە ڕووی تەندروستی و شوێن و مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان کێشەم نییە، بەڵام کەیسەکەم کێشەی یاسایی هەیەو بەهیچ شێوەیەک یاسایی نیە چونکە لە ساڵی 2019 ئەم کەیسە هەبووە و تائیستا ئیشیان لەسەر نەکردبوو، وە لە2ـی 8ـی 2025، فەرمانی دەستگیرکردنم بۆدەرچوو بێ ئەوەی ئاگاداربم بە غیابی حوکم درام. ئەی چۆن من لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو کە لەو شارە بووم دەستگیرنەکراوم و لەو وڵاتە بۆ ئەو وڵاتە لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە گەشتم کردووە بۆچی دەستگیرنەکراوم؟ بۆیە کاتەکە و دەستگیرکردنەکەم جێگای پرسیاره و سیاسییە."
"داواشی کردوو دەستە ڕۆڵی گرنگی خۆی ببینێ و لەڕووی یاساییەوە چاودێری دۆسیەکەی بکرێ و بەدوا داچونی بۆ بکرێت. لای خۆیەوە سەرۆکی دەستە بەڵێنی دا وەک چۆن پێشتر بەدواداچوونمان کردووە بۆ کەیسەکە ئێستاش بەردەوام دەبین لەچوارچێوەی دەسەڵاتی یاسایی دەستە." ئەمە بە گوێرەی راگەیەندراوەکە.
لە کۆتاییشدا هاتووە، شاندی دەستە سەردانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کرد، گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە کەیسی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند کەیسێکی تر، هەروەها "ئامادەی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ"
AM:08:59:06/10/2025
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت