پەرلەمانتارێك: نەوتی هەرێمی كوردستان لە ژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیایەكی ئەمریكیدایە
وێستگهنیوز_
پەرلەمانتارێكی عێراقى پێی وایە، چارەسەركردنی كێشە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر ئاڵۆزە و "نەوتی هەرێمیش كەوتووتە ژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیا بیانییەكان."
باسم خەشان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕەشید ڕایگەیاند، پەیوەندی ئابووری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك مەتەڵ وایە و نازانین چۆن چارەسەری بكەین و زۆر ماندووكەرە بۆ حكومەتی عێراق.
دەشڵێت، شێوازی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنە نەوتییەكان قورسە و گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئاسان نییە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ سامانێكی نەوتیدا دەكەین، كە لە ڕێگای چەند گرێبەستێكی نادروستەوە بە فیڕۆ دراوە.
بەپێی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە، كۆمپانیایەكی ئەمریكی كە هی كوڕی ملیاردێرێكی ئەمریكییە، هەرچی نەوتی ژێر زەوی هەرێمی كوردستان هەیە كۆنتڕۆڵى كردووە.
باسی لەوەش کردووە، ئێمە ئەمڕۆ وەك دەوڵەتى عێراق، ئەگەر هەموو پرسەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان یەكلایی بكەینەوە هەمیشە لە دۆڕانێكی بەردەوامدا دەبین، چونكە ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە بێ ئاگایانەیە و مافی ناوازەی داوە بە چەند كۆمپانیاییەكی بیانی و لەسەر هەموو عێراقییەكان هەژمار دەكرێت، چونكە نەوت و گاز موڵكی هەموو خەڵكی عێراقە و دەبێت هەموو عێراقییەكان سوود لەم سامانە وەرگرن، بەڵام سوودمەندی یەكەم لە نەوت كۆمپانیا بیانییەكانە.
AM:08:41:06/10/2025
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت