دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم: چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین


وێستگەنیوز-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر دەست پێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا لە لایەن و کاندیدەکان دەکات پابەندی رێنماییەکانی کۆمسیۆن بن.


ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی دووەمی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پێشوازی لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە مانگی11ی 2025 وەک بەشێک لە روکنەکانی دیموکراسی و دیاری کردنی نوێنەرانی خەڵک لەڕێگای سندوقەکانی هەڵبژاردن".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئێمە تەواو پاڵپشتی لەسەر خستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەین لە قۆناغی بانگەشەوە تاوەکو کۆتایی پڕۆسەکەو لەنزیکەوەش چاودێری دەکەین لەڕێگەی تیمی چاودێرانی دەستە لەشارو شارۆچکەکان".

دەستەکە دەڵێت، "ئەوەی بەلامانەوە گرنگە لەو قۆناغە داوا لەسەرجەم لایەنەکان و لیستە بەشداربووەکان دەکەین لەکاتی بانگەشەدا تەواو پابەندی رێنماییەکانی کۆمسیۆن و ڕێکارە یاساییەکان بن و دووربن لە هەر ڕێگایەک کە دەبێتە مایەی بێزاری خەڵک و یان هاندان بۆ توندوتیژی و لێدوان و وتەی توندو ڕقەبەری و تەشهیرکردن، چونکە ئەو کارانە خزمەت بەپڕۆسەکەو خودی لایەنەکانیش ناکات و کاریگەری دەبێت لەسەر دەروونی هاوڵاتیان و بازاڕو کاسبی خەڵک".

دەشڵێت، "هەموو کاندیدو لیستێک ئازادە لە پەیڕەوکردنی هەر رێگەیەک بۆ بانگەشە بەمەرجێک لەچوارچێوەی رێکارە یاساییەکان".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "هیوادارین ئەو قۆناغە بە ئارامی بەڕێوەبچێت و بڕوات بەبێ کێشەو دروستبوونی هەر گرژیەک هەمووان بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرن و دووربن لەهەر پێشێلکاریەک کە کاریگەری هەبێت لەسەر شەفافیەتی پڕۆسەکەش و هیوای سەرکەوتنیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەخوازین".


PM:11:15:03/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو