شارەوانیی سلێمانی بۆ کاندیدەکان: لە ماوەی دوو رۆژ هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان دانراون


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری ئەو کاندیدانە دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان پۆستەرەکانیان بۆ بانگەشەکردن دانەوە.


لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاتووە، "سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەهۆی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بە نووسراوی فەرمی وەک پێشتر ئاگاداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی سلێمانی کردووە کە دانانی پۆستەر و ستاندەکان پێویستە بەپێ رێنماییەکان دابنرێت و دوور بێت لە زیانگەیاندن بە سەوزایی و بلوارەکان و عەمودەکان و کێبڵی کارەبا و ئاودێرییەکان".

ئاماژە بەوەکراوە، "کۆمەڵێک پۆستەر و ستاند دانراون لە ناو بلوارەکانی شەقامی مەلیک مەحمود و تاسڵوجە -سلێمانی و ئەمڕۆ سەرجەمیان تێبینی کران کە دوورە لە رێنماییەکانمان و هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە بلوارەکان و باخچەکان و سەوزایی و وشکبوونیان و ناتوانرێت ڕۆژانە کاری ئاودێریکردنیان بۆ ئەنجام بدرێت".

شارەوانی سلێمانی داوا لە سەرجەم کاندیدەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لە (ماوەی دوو رۆژ) هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان دانراون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرجەم شۆستە و شەقامەکان و بلوارەکان وێنەیان گیراوە لە لایەن وێنەگری تایبەت بە شارەوانیمان و وێنەکان پارێزراون لامان بۆیە تا ماوەی دیاریکراو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵنەستن بە لابردنیان ناچار هەڵدەستین بە وەرگرتنی رێکاری پێویست".


PM:10:18:03/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو