حاکم ناز نوری لە وێستگەنیوزەوە وەڵامی روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی دەداتەوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

دوای روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی کە رایگەیاند، "ناز نوری عارف دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە"، حاکم ناز نوری دەڵێت، "سکاڵا لەسەر دادگای سلێمانی تۆماردەکەم".


لە چەند رۆژی رابردوودا حاکم ناز نوری لەمیانەی بەشداریکردن لە پۆدکاستێکدا کە پرسیاری لێکرا وەک دادوەرێک هەستی بە بێ دەسەڵاتی کردووە، لە وەڵامدا رایگەیاند، "بەڵی هەستم بە بێ دەسەڵاتی کردووە، چونکە کاتێک بڕیارێک دەرئەکەم بەپێی یاسا بۆ چاکبوونی کۆمەڵگە کە جێبەجێ نەکرێت واتای وایە من هەست بە نەبوونی خۆم دەکەم، بۆیە کاتێک خۆم خانەنشین کرد 13 ساڵم مابوو".

راشیگەیاند، "من وازم لە دادوەری هێنا بۆ ئەوەی ئاسوودە بژیم و خەفەت نەخۆم بۆ کەسێک کە نەمتوانیوە هیچی بۆ بکەم، گرنگ نییە بەلامەوە کە نزیکەی 30 دەفتەر دۆلارم لەدەستداوە، گرنگ ئەوەیە بای 30 دەفتەر دۆلار مێشکم ئاسوودە بوو".

دوای ئەوەی لەو پۆدکاستەدا باسی چەند کەیسێکی کرد، ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تیادا هاتووە، "ماوەیەکە دەبینین کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاکم ناز)لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات و هەستی ناسکی خەڵک دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە".

دادگای سلێمانی دەڵێت، "لە راستیدا ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لە تەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی 2014 بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە راپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندروستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدني) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە".

دەشڵێت، "بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بکەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی کەسیتر چاوی لێ نەکات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت".

لە دوای روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی وێستگەنیوز پەیوەندیی بە حاکم ناز نورییەوە کرد و ناوبراو پێی راگەیاندین، "لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق سکاڵا لەسەر دادگای سلێمانی تۆماردەکەم لەسەر ئەو روونکردنەوەی داویەتی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "من هەوێم هەیە و بە بەڵگە دەیسەلمێنم کە دادوەر بووم یەکێک لە هەوێکانم هی بەغدایە و ئەوی دیکەشیان هی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە"، وێنەی هەوێکان لای وێستگەنیوز پارێزراوە.


PM:07:11:03/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو