دادگای سلێمانی: ناز نوری عارف دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە


وێستگەنیوز-

دادگای سلێمانی لەسەر خۆناساندانی ناز نوری عارف کە ناسراوە بە "حاکم ناز" روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ناز نوری عارف دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە".


ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگای سلێمانی رایگەیاند، "ماوەیەکە کەسانێک کە هیچ سیفەتێکى دادوەرییان نیە و لە پەیکەرى پێکهاتەى ئەنجومەنى دادوەرى دادوەر نین، بەڵام بەناوى دادوەرەوە خۆیان دەناسێنن و لە سایت و کەناڵەكانەوە دەرئەكەون و قسەو ئاماژەى بێ سەروبەر بڵاودەکەنەوە بەناو خەڵکدا و بوونەتە هۆی دروستکردنى بێمتمانەیی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە لە ناو کۆمەڵگەدا".

ئاماژە بەوەکراوە، "بەناوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە بەشێكە لە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمی كوردستان هەموو ئەوانە ئاگادار دەكەینەوە کە بە کردەیی دادوەر نین و سەربە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێکیتر نازناوى دادوەر بەکار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن".

دادگای سلێمانی دەڵێت، "هەر لەو میانەیەدا ماوەیەکە دەبینین کەسێک بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاکم ناز)لە کەناڵ و سایتەکان ناوزەد دەکات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوکایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەکانی تر دەکات و هەستی ناسکی خەڵک دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە".

دەشڵێت، "لە راستیدا ئەو کەسە هیچ کاتێک دادوەر نەبووە و لەسەر سەکۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو کەسی نەکردووە، بەڵكو ئەم کەسە کاتی خۆی ماوەیەکی کورت بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی 2014 بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە راپۆرتی لیژنەی پزیشکی بە هۆكاری خراپی باری تەندروستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدني) خۆی هەواڵەی خانەنشینی کردووە و بە %80ی ئیمتیازات و كۆتا مووچەی كە لەوكاتەوە تائێستا مانگانە وەریدەگرێت و بەتێكڕایی سەدان ملیۆن دینار دەكات، ماوەی چەندين ساڵە لەماڵەوەیە و یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەكات، كە جێگای پرسیار و تێڕامانە كەسێك بەقسەی لیژنەی پزیشکی پەككەوتەیی هەبێت چۆن ئەتوانێ ئامۆژگاری خەڵك بكات و پەی بەچاكە و خراپە بەرێت، لەكاتێكدا لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتی هەبووە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری گرفتەکان".

ئەوەش روونکراوەتەوە، "بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین قسەو رەفتارەکانی ئەو کەسە لەسەر دادوەر حساب نەکەن، چونکە دادوەر نەبووە و هیچ کاتێك ئەو ئەرکەی نەبووە. وە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوکایەتیکردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بکەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی کەسیتر چاوی لێ نەکات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت".


PM:05:11:03/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو