بەرەی گەل: بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و چاودێری هەموو جوڵە و پیلان و نەخشەیەک دەکەین


وێستگەنیوز-

بەرەی گەل لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئاشکرایە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژارنی پەرلەمانی عێراق لەنێو دڵەڕاوکێی ترسی سیاسی و جەنگ و ناسەقامگیری ئاسایشی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، عێراق و هەرێمی کوردستان نەیان توانیوە ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری پڕ لە دڵنیایی بۆ خەڵک و قەوارە سیاسیەکان دروست بکەن، ئەمەش لە ئەنجامی یەکنەخستنەوەی هێزە چەکدارەکانە وەک هێزێکی نیشتمانی و جێبەجێکەری سەروەری یاسا".


ئاماژە بەوەشدەکەن، "لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەکات حیزبە دەسەلاتدارەکان هەریەکەی چەندین جۆر هێزی چەکداریان هەیە، ئەم هێزانە تەنها بۆ یەکلایکردنەوەی حیساباتی سیاسیە، دادگاکان تەواو بێدەسەڵات و کاریگەر کراون، یاخود بوونەتە بەشێک لە مەقاشی دەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکان".

بەرەی گەل دەڵێت، "ئێمە لە بەرەی گەلەکەمان لەکاتێکدا بەلیستی ژمارە 261 بەشدارین لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەدۆخێکی نەخوازراوی حیساباتی سیاسیداین، ئێمە رایدەگەێنین لەسەر پێی خۆمان دەوەستین و بەردەوام دەبین".

دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەی بەشدارین لە هەڵبژاردن، بەڵام بە وردی چاودێری هەموو جوڵە و پیلان و نەخشەیەک دەکەین، کە ئامانج لێی دەستکاری کردنی ئەنجام و داتاکانی دەنگی دەنگدەران بێت، وەک هەڵبژاردنی پێشوو کەدیزاین کرا. لەهەموو ئەگەرێکی نەخوازراو هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی پێشوەختەمان دەبێت".

دەقی پەیامەکەی بەرەی گەل:

بەردەوام دەبین
خەڵکی بەرێز و خۆشەویستی عێراق و هەرێمی کوردستان
ئاشکرایە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژارنی پەرلەمانی عێراق لەنێو دڵەڕاوکێی ترسی سیاسی و جەنگ و ناسەقامگیری ئاسایشی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات، عێراق و هەرێمی کوردستان نەیان توانیوە ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری پڕ لە دڵنیایی بۆ خەڵک و قەوارە سیاسیەکان دروست بکەن، ئەمەش لە ئەنجامی یەکنەخستنەوەی هێزە چەکدارەکانە وەک هێزێکی نیشتمانی و جێبەجێکەری سەروەری یاسا. لەهەرێمی کوردستان لەکاتێکدا هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەکات حیزبە دەسەلاتدارەکان هەریەکەی چەندین جۆر هێزی چەکداریان هەیە، ئەم هێزانە تەنها بۆ یەکلایکردنەوەی حیساباتی سیاسیە، دادگاکان تەواو بێدەسەڵات و کاریگەر کراون، یاخود بوونەتە بەشێک لە مەقاشی دەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکان.

ئێمە لە بەرەی گەلەکەمان لەکاتێکدا بەلیستی ژمارە (٢٦١) بەشدارین لە هەڵبژاردنی ڕۆژی ٢٠٢٥/١١/١١ ی پەرلەمانی عێراق، لەدۆخێکی نەخوازراوی حیساباتی سیاسیداین، ڕۆژی ٢٢ی ئابی ئەم ساڵ بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە بەدەیان هەزار کەس لە میلیشیا لەیاسادەرچووەکانی یەکێتیی نوێ بە دەیان تانک و زرێپۆش و سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی فسفۆری قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی پەلاماری ماڵی سەرۆکی قەوارەکەمان هەڤاڵ (لاهور شێخ جەنگی) یاندا، بەبەرچاوی لێپرسراوانی باڵای هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، دوور لەهەموو کردەیەکی سیاسی و قانوونی دەیان کەس شەهید و بریندارکران، هەڤاڵ لاهور و سەدان کەس لەهەڤاڵەکانمان لەتەواوی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و ماوەی زیاتر لە چل ڕۆژە بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. بەبێ ئەوەی تۆمەتێکی ساغکراوەیان لەسەر هەبێت. دادگا بەتەواوی بوونی نەماوە لەم دۆسیەیەدا، هەرچی سەروەت و سامانی تایبەتی کاک لاهور و بەرەی گەلەکەمان هەیە دەستی بەسەرداگیراوە، ڕەشبگیری و ڕاوەدوونانی ئەندام و لایەنگرانمان بەردەوامە. لەم دۆخە نەخوازراو و داسەپاوەی سیاسەتە پۆپۆلیستیانەکەی سەرۆکی خۆسەپینی یەکێتیی نوێ بە پشتیوانی بەرەی موقاوەمە تەواوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین و هەردوو قەزای کۆیە و تەقتەق کراون بە سەربازگە و دۆزەخ بۆ لایەنگرانمان، بەڵام هەروەک هەڤاڵی خۆشەویستمان کاک لاهور گوتی لەسەر پێ وەستاوین، ئێمەش ڕایدەگەێنین لەسەر پێی خۆمان دەوەستین و بەردەوام دەبین، داوا لە خەڵکی خۆشەویستی خۆمان لە هەموو ئەو پارێزگایانەی لیستی بەرەی گەلەکەمان هەیە بەدەنگدانتان بۆ لیستی ژمارە (٢٦١) تۆڵەی ئەو تاوان و خیانەتە بکەنەوە، پشت لە لیستی تاوانکاران بکەن و لیستی گەل هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی جیهانێکی دادپەروەر و ئازادتان بۆ دابین بکات. بۆ ئەوەی هیچ کەس و حیزبێک میلیشیای نەمینێت و نەتوانێ بۆ حیساباتی سیاسی خۆی و هەژموونی وڵاتان هێزی چەکدار بەکاربهێنێت. لەگەڵ ئەوەی بەشدارین لە هەڵبژاردن، بەڵام بە ووردی چاودێری هەموو جوڵە و پیلان و نەخشەیەک دەکەین، کە ئامانج لێی دەستکاری کردنی ئەنجام و داتاکانی دەنگی دەنگدەران بێت، وەک هەڵبژاردنی پێشوو کەدیزاین کرا. لەهەموو ئەگەرێکی نەخوازراو هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی پێشوەختەمان دەبێت.

ئازادی بۆ سەرکردەمان (لاهور شێخ جەنگی) و هەڤاڵەکانی، نەمری بۆ شەهیدانی تاوانی کۆمەڵکوژی ٢٢ی ئابی لالەزار.

بەرەی گەلەکەمان
٢٠٢٥/١٠/٣


AM:12:22:03/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو