وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان نەخۆشانی تالاسیما دەنێرێتەوە دەرەوەی وڵات


وێستگه‌نیوز_

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، وەجبەی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمای ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسك، لە ژمارەیەك لە نەخۆشخانە جیهانییەكان.

سەركار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری داوە بە كەرتی تەندروستی و بە بودجەی 11 ملیار دینار وەجبەی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمای ناردووە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری مۆخی ئێسك لە ژمارەیەك لە نەخۆشخانە جیهانیيەكان، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باوەڕپێكراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەجبەی دووەمی نەخۆشانی تالاسیما 40 كەسن و دوێنێ‌ چوارشەممە، دوای تەواو بوونی هەموو پشكنین و ڕێكارە پژیشكییەكان، لەگەڵ خۆبەشخان و هاوەڵانیان، لە ڕێگای فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتییەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە.

دەشڵێت، وەزارەتی تەندروستی هەرێم، هەموو تێچووەكانی خستووەتە ئەستۆی خۆی بە تێچووی گەشت و شوێنی نیشتەجێبوون و پشكنینەكان و نەشتەرگەری و چارەسەر وەرگرتنیش.

وەك سەركار سورچی باسی دەكات، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا وەجبەی سێیەمیش دەنێرن؛ و لە پڕۆگرامی حكومەتی هەرێمدایە 140 نەخۆشی تالاسیما بنێرنە دەرەوەی وڵات و لە نەخۆشخانە جیهانییەكان نەشتەرگەری مۆخی ئێسكیان بۆ بكرێت.


PM:02:26:02/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو