د. فوئاد حسێن: رێککەوتنی نەوت راستەوخۆ پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و کێشەی مووچە چارەسەر دەکات


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی نەوت گرنگە و ئاسان نەبووە، ئاماژە بەوەشدەکات ئەو رێککەوتنە چارەسەری کێشەی مووچە دەکات.


ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلولی 2025، د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت 230 هەزار بەرمیلە. 50 هەزاری بۆ بەکاربردنی ناوخۆیە، ئەوەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی سۆمۆ دەکرێت".

دوێنێ دووشەممە رێککەوتنی سێقۆڵیی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و عێراق لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆکرا لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "ئەمە رێککەوتنێکی گرنگە، ئاسان نەبوو. تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی وا نەکراوە".

وتیشی، "ئەمە رێککەوتنێکی زۆر جیاوازە، رێککەوتنێکە لە نێوان هەولێر و بەغدا و، لە نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکان، هەروەها ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت".

د.فوئاد حسێن جەختی لەوەشکردەوە، "پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت".


AM:08:55:23/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو