پێشەوا هەورامانی: پێویستە لەگەڵ رادەستکردنی نەوت مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتر رەوانەى هەرێمی کوردستان بکرێت
وێستگەنیوز_
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەڵێت، عێراق 48 کاتژمێری داوەتە وەزیری نەوت بۆ چارەسەرکردنى ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێویستە لەگەڵ رادەستکردنی نەوت مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتر رەوانەى هەرێمی کوردستان بکرێت.
پێشەوا هەورامانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، چەند بەرچاوڕوونییەکی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە بڵاوکردەوە، کە ئەمانەن:
1. لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، 48 کاتژمێر مۆڵەت دراوەتە بە وەزیری نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
2. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەزامەندییان دەربڕیوە کە بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری داواکارییەکانیان بوون بۆ پاراستنی مافەکانیان بەپێی یاسا بیانییەکان.
3. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی بەشە نەوتی خۆی بە کۆمپانیای سۆمۆ.
4. پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوتدا، مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
5. لە بنەڕەتدا، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون. هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر تەنها یاساکانی بودجە، یاسای کارگێڕی دارایی و دەستوور بکرێنە ناوبژیوان، هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی مووچە، بەتایبەتی لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و نەناردنی مووچە بێ پاساوە.
6. ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و ڕۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە خزمەتی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
7. هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو ئەوەدایە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. سەبارەت بە داهاتی ناوخۆش، هەرچی یاسا بۆی دیاریکردووین، بێ زیاد و کەم پابەندین پێوەی.
PM:03:52:17/09/2025
ئهم بابهته 1372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت