حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلولی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی رێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کردەوە و ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران.
یەکێک لە بڕیارەکان، یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەرووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت.
هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە راییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت، لەمبارەیەوە سەرۆکی حكومەت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.
کۆبوونەوەکە داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.
PM:06:33:15/09/2025
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت