ئاری هەرسین لەسەر فیلمی زەوی سەخت و ئاسمان دوور: ئەگەر ویژدان و غیرەتمان هەبێت بیر لە شەڕی براکوژی ناکەینەوە
وێستگەنیوز_
فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" یەکێکە لە فیلمە سینەماییە کوردییەکان و لە سینەما سالم پەخشکردنی دەستیپێکردووە. ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەبارەی فیلمەوە دوو سەرنجی خستووەتەڕوو.
ئاری هەرسین دەڵێت: "ئەم فلیمە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە سینەما سالم پەخش کرا، دوو پەیامی ڕوونی بۆمان پێبوو. یەکەمیان، ئەگەر ڕق و کینەی ڕابردوو عیلاج نەکەین، هەرگیز ئۆقرە ناگرین و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بە چاوی خۆمان نابینین."
دەشڵێت: "دووەم پەیام ئەوەیە، "ئەگەر بە ئەندازەی تۆزقاڵە زەڕڕەیەک عەقڵ، ویژدان و غیرەتمان هەبێت، بە خەویش بیر لە شەڕی براکوژی ناکەینەوە."
فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە دەرهێنانی هەوراز محەممەد و سیناریۆی ناوبراو و مەنسور تەیفووری'ـیە. هونەرمەندی لاو؛ رێکار بەرزان کە دەرهێنەرێکی شاری سلێمانییە و دەرچووی کۆلێژی سینەمای زانکۆی سلێمانییە، وەک یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر کاری تێدا کردووە.
هەوراز محەممەد سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناوی فیلمەکە دەڵێت: ناوەکە مێتافۆرێکە لە زمانی کوردیدا بۆ دۆخێکی نا هەموار بەکاردێت، کاتێک کەسێک دەکەوێتە دۆخێکی سەختەوە لێی دەپرسن دۆخت چۆنە دەڵێت "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" واتە چارەسەری دۆخەکەی ئاسان نییە"
هەروەها، "ناونیشانی دیوانە شیعری شاعیری کۆچکردووی کورد مارف ئاغایی'ـیە".
ئاماژەی بەوەشداوە، فیلمەکە باس لەوە دەکات کە "کەسێک بەناو کۆمەڵێک رووداوی جەنگدا تێپەڕیوە، هەر وەک چۆن ناونیشانەکە لە دوو بەش پێک هاتووە، سیناریۆی فیلمەکەش لە دوو هێڵی سەرەکی پێکهاتووە، تیمێکی کوردی هاوبەش بەشداربوون لە دروستکردنی فیلمەکە و لەناو فیلمەکەشدا سەرجەم دیالێکتە کوردییەکان بەکارهاتووە."
بە وتەی هەوراز محەممەد، فیلمەکە زیاتر لە شەش مانگ کاری پرۆدەکشنی بۆکراوە. بەشێکە لەو فیلمانەی وەک سینەمای سەربەخۆ دەتوانرێت ناوی لێبنرێت و بەشێکی ستافەکە و هونەرمەندەکان وەک خۆبەخش و بروابوون بە دۆزێک هاتوونەتە نێو فیلمەکەوە.
PM:11:31:09/09/2025
ئهم بابهته 536
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت